بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی جەنەراڵ مۆتۆرز، فۆرد و چەند کۆمپانیایەکی دیکە دەکات لەسەر بەرهەمهێنانی درۆنی سەربازی "بە شێوەیەکی بەرفراوان."
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم کۆمپانیایانە دەکرێت لە چوارچێوەی گرێبەستەکاندا ئەو پارچانە بەرهەم بهێنن کە بۆ دروستکردنی درۆن پێویستن.
ڕۆژنامەکە دەڵێت کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز هەروەها ئەگەری بەرهەمهێنانی بزوێنەری تایبەت بە درۆن هەڵدەسەنگێنێت.
واڵ ستریت جۆرناڵ هەروەها ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای کەنەدایی 'ماگنا ئینتەرناشناڵ'، کە لە بواری بەرهەمهێنانی پارچەی ئۆتۆمبێلدا کار دەکات، و چەند کۆمپانیایەکی دیکە کۆبوونەتەوە.
وەزارەتی جەنگ تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە، نەداوە.