ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر "دوا سەرچاوە داراییەکانی" ئێراندا دەسەپێنێت

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هەشت کەس و 22 کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەی خستووەتە لیستی سزاکانی دژ بە ئێرانەوە، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تۆڕێکی نهێنیی بانکی کە تاران بۆ گواستنەوەی پارە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەکاری هێناوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینە، ئەو 30 کەس و دامەزراوەیە بەشێکن لە تۆڕێکی بانکیی نهێنیی بۆ مامەڵە و گواستنەوەی دارایی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لە کۆی 22 کۆمپانیا و دامەزراوە کە خراونەتە لیستی سزاکانەوە، 16ـیان دەکەونە ئیمارات، چواریان لە ئێران، یەک لە تورکیا و یەکێکی دیکەش لە هۆنگ کۆنگن.

وەزارەتی گەنجینە دەڵێت، لە ڕێگەی ئەم تۆڕەوە ملیارەها دۆلار لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی گوازراوەتەوە و ئێران توانیویەتی، سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا، دراوی بیانی بەدەست بهێنێت.

سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەپاندنی سزا نوێیەکانی بە بەڵگەی پابەندبوونی واشنتن بە بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئێران ناوبرد.

بێسنت گوتی، "سیستەمی بانکیی نهێنیی ئێران دوا هێڵی ژیانی دارایی ڕژێمێکی مایەپووچە."

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هەروەها جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی ئەو تۆڕە داراییانەی کە یارمەتیی ئێران دەدەن و خۆیان لە سزاکانی ئەمەریکا دەدزنەوە..

XS
SM
MD
LG