ئەرمینیا دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕێڕەوی ترامپ ڕادەگەیەنێت و ئێران هەڕەشە دەکات

دیمەنێکی خاڵی سنوری پارێزگای سیونیکی ئەرمینیا لەگەڵ ئێران.
دیمەنێکی خاڵی سنوری پارێزگای سیونیکی ئەرمینیا لەگەڵ ئێران.

سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان، ڕۆژی دووشەممە دەستپێکرنی پرۆژەی 'ڕێڕەوی ترامپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی' لە ئەرمینیا ڕاگەیاند، سەرباری هەڵوێستی نەرێنی توندی ئێران بەرامبەر بە پڕۆژەکە.

میدیای ئەرمینیا ڕایگەیاند کە لە هەمان ڕۆژدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پێشوازی لە دەستپێکردنی پرۆژەکە کردووە و هەنگاوەکەی بە درێژەی ئەو ڕێککەوتنە داناوە کە ساڵی ڕابردوو لە نێوان ئەرمینیا و ئازربایجان لە واشنتن واژۆکرا.

بە پێی هەواڵێکی فۆکس نیوز، پێشتر بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە پرۆژەکە هۆشدارییان دابووە ئەرمینیا کە ئەم پڕۆژەیە زیان بە بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی ئێران دەگەیەنێت و وەک "هێڵی سوور" مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

ڕێڕەوە بازرگانییەکە، کە زیاتر لە چل کیلۆمەترە، لە پارێزگای سیونیکی باشووری ئەرمینیایە و بە نزیک سنووری ئێران تێدەپەڕێت و بۆ ئازەربایجان درێژ دەبێتەوە؛ هەروەها ڕێگایەکی گواستنەوە بەرەو تورکیا دابین دەکات.

ئەم ڕێڕەوە گرنگییەکی ستراتیژیی وەرگرتووە، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران. تاران پێی وایە ڕاکێشانی هێڵەکە مەترسی دەخاتە سەر بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانی، لە کاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەم پڕۆژەیە بە هەنگاوێک بۆ باشترکردنی بازرگانی و هاوکاریی هەرێمی دەبینن.

بەگوێرەی هەواڵێکی فۆکس نیوز، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە وتارێکدا، کە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتی ئێرانی لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگەدا بڵاوکرابوویەوە، نووسیویەتی، "دوا وتەم بە ڕاشکاوی بە باڵیۆزی ئەرمینیا داوە کە ئەگەر ترامپ و هاوپەیمانەکانی بیانەوێت ئەم هێڵە سوورەی ئێران ببەزێنن، پێیان دەشکێنین."

سەرباری ئەم هەڕەشەیەی ئێران، ئەرمینا دەستپێکردنی پرۆژەکەی ڕاگەیاند.

لە پەیامە ڤیدیۆییەکە کە ئاژانسی نیوز ئەرمینیا بڵاویکردوەتەوە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئاماژەی پێکردووە، ترامپ پیرۆزبایی لە خەڵک و حکومەتی ئەرمینیا کرد و ستایشی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیای کرد کە ڕێگای ئاشتیی هەڵبژاردووە و کاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی درێژخایەنی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

بەگوێرەی پەیامە ڤیدیۆییەکە، ترامپ دەڵێت، " بۆ زیاتر لە 35 ساڵ، ئەم ململانێیە بووە مایەی ئازار و نەهاماتییەکی زۆر. زۆر کەس هەوڵیان دا چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام ئێمە توانیمان چارەسەری بکەین و ساڵی پار لە کۆشکی سپی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی مێژووییمان واژۆ کرد."

تەلەفزیۆنی ئەرمینیا دەڵێت ترامپ هەروەها سوپاسی نیکۆل پاشینیان و ئیلهام علیێڤ، سەرۆکی ئازربایجانی، کرد بۆ هاوکارییان لە بونیادنانی ئەم پڕۆژەیە و بانگهێشتی پاشینیانی کرد بۆ واشنتن.

XS
SM
MD
LG