ئێنڤیدیا هوانگ وەک بەڕێوەبەری گشتی دادەنێتەوە و ترامپیش پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات

ئێنڤیدیا ڕۆژی دووشەممە بە کۆی دەنگی بۆردی بەڕێوەبەران بڕیاری دا بە دەستنیشانکردنەوەی جێنسن هوانگ وەک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، ئەمەش دوای پێداچوونەوە بە پرسی سەرکردایەتی و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.

ئێنڤیدیا کە کۆمپانیایەکی ئەمەریکاییە بۆ دروستکردنی چیپ، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند هوانگ دەستبەجێ دەچێتەوە پێگەکەی پێشووی وەک بەڕێوەبەری گشتی و دەشبێتە ئەندامی بۆردی کۆمپانیاکە.

بۆردی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە خۆشحاڵن بە "ڕاشکاوی هوانگ و توانای لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە."
هارڤی جۆنز، سەرۆکی بۆردی ئێنڤیدیا، وتی، "بۆرد بڕوای وایە کە جێنسن کەسی شیاوە بۆ ڕابەرایەتیکردنی ئێنڤیدیا و دەستنیشانکردنەوەشی بۆ ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی خاوەن پشکەکان و کارمەندان و هاوبەشان و کڕیارەکانیشمانە."

هەروەها بەیاننامەکە باس لەوەش دەکات کە ڕاوێژکراوە بە بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمەریکا پێش گەیشتن بەو ئەنجامەی کە دامەزراندنەوەکەی هیچ مەترسییەکی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی نییە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بۆرد سەرنج و تێبینی لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمەریکا وەرگرتووە. لەسەر بنامای ئەو سەرنجانە، بۆرد بڕوای وایە کە دامەزراندنەوەی هوانگ هیچ مەترسییەکی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی نیە."

دووبارە دانانەوەی هوانگ لەو پۆستە دوای ئەوە دێت کە سەرەتای مانگی یازدە دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێک لە بارەی هەبوونی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژنێک کە گومان دەکرێت لەگەڵ هەواڵگریی چیین پەیوەندی هەبووبێت، و هەروەها زیادبوونی چاودێرییەکان لەسەر پابەندیی ئێنڤیدیا بەو سنوردارییانەی کە ئەمەریکا سەپاندوونی بەسەر هەناردەی سێمیکۆندەکتەری پێشکەوتوو بۆ چین.

هوانگ پێشوازی کرد لە دامەزراندنەوەی و سوپاسی بۆرد و کارمەندان و هاوبەشەکانی کۆمپانیاکەشی کرد.

هوانگ وتی، "شکۆمەندم کە بگەڕێمەوە بۆ ئێنڤیدیا و سەرکردایەتی یەکێک لەو کۆمپانیایانە بکەم کە گەورەترین کاریگەرییان لەسەر جیهان هەیە لە سەرەتای شۆڕشێکی نوێی پیشەسازیدا." هەروەها وتیشی، "ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەوپەڕی بێفیزیی و پابەندبوونی نوێبووەوە وەردەگرم."

بەگوێرەی بەیاننامەی کۆمپانیاکە، کۆڵێت کرێس کە لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی هوانگ بووە بەڕێوەبەری گشتی، دەگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی پێشووی کە بەڕێوەبەری دارایی گشتی بوو، جۆنزیش وەک سەرۆک بۆرد دەمێنێتەوە.

پێشوازی ترامپ لە هەواڵەکە

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە پۆستێکیدا لە تروس سۆشیاڵ پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و گەڕانەوەی هوانگی بە گرنگ بۆ کۆمپانایەکە و ئابوریی ئەمەریکا دانا.

ترامپ نوسیویەتی، "بۆردی بەڕێوەبەرانی ئێنڤیدیا بڕیاری دروست و شیاوی داوە بە گەڕاندنەوەی جێنسن هوانگ بۆ پێگەکەی خۆی وەک بەڕێوەبەری گشتی."

هەروەها نوسیویشیەتی، "وڵات پێویستی بە سەرکردایەتی جێنسن لە ئێنڤیدیا هەیە بەمەبەستی زامنکردنی سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی نەک تەنیا بۆ کۆمپانیاکە، بەڵکو بۆ ئابوری ئەمەریکاش."

هەروەها ترامپ دەڵێت کە حکومەتی ئەمەریکا هیچ بەڵگەیەکی نییە کە بیسەلمێنێت گەڕانەوەی هوانگ هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی.

ترامپ نوسیویەتی، "حکومەتی ئەمەریکا هیچ هۆکارێک بەدی ناکات لەوەی کە گەڕانەوەی جێنسن بۆ ئێنڤیدیا مەترسی بێت بۆ ئاسایشی نیشتمانی."

ترامپ دەڵێت کە تۆد بلانچ، وەزیری داد، ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە دەزگا فیدراڵییەکان هیچ بەڵگەیەکیان لا نیە کە بیسەلمێنێت هوانگ کاری نایاسایی ئەنجامداوە.

ترامپ وەسفی هوانگی کردووە بەوەی "نیشتمانپەروەرێکی مەزن و سامانێکی نیشتمانییە." لە هەمان کاتدا هانی ئێنڤیدیای داوە بەردەوامبێت لە لێکۆڵینەوە دەربارەی پابەندبوونی بە سنوردارییەکانی هەناردەکردن کە ئەمەریکا سەپاندوونی.

لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبێت

سەرباری گەڕانەوەی هوانگ بۆ پۆستەکەی، ئێنڤیدیا دەڵێت کە کۆمیتەیەکی سەربەخۆی بۆرد لێکۆڵینەوە دەکات لەو ڕاپۆرتانەی کە ئاماژەن بەوەی هوانگ کرابێتە ئامانجی ئۆپراسیۆنی هەواڵگریی بیانی، و کۆمیتەکە بەردەوامیش دەبێت لەسەر کارەکانی خۆی.

کۆمیتەکە پارێزەی سەربەخۆی گرتووە و هوانگیش بەڵێنی داوە بەتەواوەتی هاریکاریی لێکۆڵینەوەکان بکات.

لە بەیاننامەیەکدا ئەو کۆمپانیا ئەمەریکاییەی بواری تەکنەلۆجیا ڕایگەیاندووە کە هاریکاریی "لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بەردەوامەکانی حکومەت" دەکات.

ئێنڤیدیا دەشڵێت کە کۆمیتەی تازە دامەزراوی ئاسایشی نیشتمانی و کۆنترۆڵی هەناردەکردن چاودێریی پابەندبوونی بازرگانیی و مەترسییەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەکات.

هەروەها کۆمپانیاکە پلانی ئەوەشی هەیە بەرپرسێکی پابەندبوونی باڵا دابمەزرێنێت بۆ بەهێزکردنی پابەندبوونی سەرتاسەریی لە کۆمپانیاکە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر هاریکاریکردنی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی حکومەت.

ئێنڤیدیا کۆمپانیایەکی پێشەنگی سێمیکۆندەکتەری ئەمەریکایە لە بواری بەرهەمهێنانی چیپە پشکەوتووەکان بۆ کارپێکردنی سیستەمەکانی ژیریی باڵا و ناوەندەکانی داتا. واشنتن سنووردارکردنی خستووەتە سەر هەناردەی هەندێک لە چیپە پێشکەوتووە باڵاکان بۆ وڵااتی چین، بە هۆی ئاسایشی نیشتمانی و ترس لەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە ببێتە هۆی بەهێزکردنی توانای سەربازیی پەکین.

لە مانگی دوازدەی ساڵی 2025 سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە ئێنڤیدیا دەتوانێت پرۆسێسەرەکانی جۆری H200 بە کڕیارانی پەسەندکراوی چین بفرۆشێت، بەو مەرجەی بڕی 25٪ـی بەهای فرۆشتنەکە بدرێت بە حکومەتی ئەمەریکا.

چپی بلاکوێڵ کەپێشکەوتووترین بەرهەمی ئێنڤیدیایە، فرۆشتنی بە چین قەدەغەکراوە.

XS
SM
MD
LG