سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕەنگە پاش سەری ساڵ هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە

ڕۆژنامەنووسی کەناڵی فۆکس نیوز، ترێی یینگست، ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پێی وتووە ئەگەر تا پاش سەری ساڵ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نەکرێت، ئامادەیە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێبکاتەوە.

ترێی یینگست، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ کەناڵەکە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ترامپ وتی سەرۆکی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاندووە کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

یینگست وتی،"سەرۆک بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە پاش سەری ساڵ هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت."

بەوتەی ڕۆژنامەنووسەکە، ترامپ ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئێرانی گرت و وتی دەیانەوێت پرسەکە درێژە بکێشێت "هەر قسە دەکەن. تەنها قسەیان لەدەست دێ، بەڵام هەمووی قسەی پووچە."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز هێشتا بەردەوامن. بەپێی ڕاپۆرتی فۆکس نیوز، ئێران بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمەریکاش دژ بە ئێران بەردەوامە.

یینگست وتی میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم هەفتەیەدا ئاماژەیان داوە کە ئێران بەنیازە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا ببەزێنێت. لە بەرامبەردا، ترامپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد.

بە وتەی رۆژنامەنووسەکە، "سەرۆک [ترامپ] وتی هیوادارم ئەو کارە بکەن، چونکە ئەگەر ئەو کەشتییانە هەوڵ بدەن گەمارۆی ئەمەریکا ببەزێنن، ئەوا هەموویان نوقمی دەریا دەکرێن وەک ئەوەی بەسەر باقی هێزی دەریایی ئێران هات."



XS
SM
MD
LG