ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری دژی ئێران، چەند کەسێکی نزیک لە تاران دەکاتە ئامانج

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری، چەند کەس و تۆڕێکی پەیوەست بە رژێمی ئێرانی خستە سەر لیستی سزاکان. بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکە، ئەو کەسانە "متمانەدارانی نەوت"ی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و یارمەتیی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەدەن.

وەزارەتی گەنجینە ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی خراونەتە ناو لیستی سزاکان بریتین لە: مەجید تاج، برای سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، کە بەشێکە لە تۆڕێکی کاربەدەستانی نزیک بە رژێم کە ئەرکیان فرۆشتنی نەوتی ئێرانە، موحەمەد جەواد باوەند، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سوپای پاسداران، کە سەرکردایەتی هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی پارەی نەوتی ئێرانی کردووە، موحەمەد سەروەتی، کوڕی محسن سەرڤەتی، جەنەراڵێکی سوپای پاسداران، کە بەرێوەبەری چەند کۆمپانیایەکەو سەرپەرشتی ناردنی نەوتی ئێرانی کردووە بۆ چەند پاڵاوگەیەکی بچووکی چین، و موجتەبا عەرەب‌ نەژاد، کوڕی حەمید عەرەب نەژاد، سەرۆکی هێڵی ئاسمانی ماهان.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە، لە ڕاگەیاندنەکەدا وتی،"رژێمی ستەمکارای ئێران هەمیشە بەرژەوەندیی خۆی لەسەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی خۆی دادەنێت، تەنانەت لە کاتێکدا کە هاووڵاتیانی ئێران کێشەی کەمی نان و سووتەمەنییان هەیە،" هەروەها وتی کە رژێمی ئێران توانای فرۆشتنی نەوتی لە ڕێی دەریاوە نەماوە و ڕەنگە "هەرگیز داهاتی ئەو نەوتەش نەبینێت کە پێشتر فرۆشتوویەتی."

XS
SM
MD
LG