سەرۆک ترامپ دەڵێت دەیەوێت ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی خستووەتەوە گەڕ بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی '' هەمیشەیی '' لەگەڵ ئێراندا.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفونیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕوونی کردەوە کە ئەو زیاتر جەخت لەسەر ڕێککەوتنێک دەکاتەوە کە ڕێگری لە بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات نەک گۆڕینی ڕژێم.

سەرۆک ترامپ گوتی '' مەبەستی من ئەوە نیە ڕێککەوتنێک بکەین و ڕۆژی دواتر ئەو ڕێککەوتنە پێشێل بکەن. بۆیە شتێکی وا دەکەم کە تەنانەت ئەگەر سەرۆکێکی بێ تواناش دوای چوار ساڵ یان 15 ساڵ یان 20 ساڵ بێتە سەر کار، ئەو ڕێککەوتنەی من دەیکەم بمێنێتەوە و هەمیشەیی بێت.''

لە درێژەی قسەکانیدا ترامپ گوتی '' ڕێگە نادەم هیچ کەسێک مۆڵەتییان پێ بدات ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.''

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە هەوڵە دیبلۆماتییەکان بەردەوامن بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارام کردووە، نرخی وزەی جیهانی بەرز کردووەتەوە و وڵاتانی ناوچەکەی لە ململانێکاندا تێوەگلاندووە.

XS
SM
MD
LG