دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، وردەکارییەکانی گەشتەکەی بۆ فیلیپین و چین و کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی لەگەڵ سەرۆکانی چین و ڕووسیا خستەڕوو. هەروەها ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ڕژدی دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ناکات و پشتیوانیی خۆی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دووپات کردەوە.
سەرۆک ترامپ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کە نزیکەی90 خولەکی خایاند، جەختی لە باڵادەستیی ئەمەریکا لە بواری ژیری باڵا کردەوە و پلانێکی بۆ سنووردارکردنی دروستکردنی سەنتەر و ناوەندەکانی داتا لە دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیاند.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کۆمار، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، و ستیڤن میلەر، بەرپرسی کاروباری کۆشکی سپی، بەشداریی کۆنگرەکەیان کرد.
گەشتی ترامپ بۆ فیلیپین و چین
ترامپ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە "مەزن" و "مێژوویی" وەسف کرد و گوتی پەیوەندیی نێوان هەر سێ سەرکردەکە زۆر باش بووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "لەگەڵ ڕووسیا پەیوەندیی باشم هەیە. لەگەڵ چین پەیوەندیی باشم هەیە. لەگەڵ زۆر کەس پەیوەندیی باشم هەیە."
ئاماژەی دا کە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکی سێقۆڵیی ئاشتی بوو کە تێیدا ئەمەریکا و چین و ڕووسیا ڕێککەوتن نابێت ڕێگە بدرێت شەڕێکی ئەتۆمی ڕووبدات.
بەڵام سەرۆک ترامپ ئاگاداری دا کە چین بە خێرایی چەکی ئەتۆمی پەرە پێدەدات و گوتی لە ماوەی 10 ساڵدا دەتوانێت لەو بوارەدا بگاتە ئاستی ئەمەریکا.
ڕۆبیۆش جەختی کردەوە کە ئەم سێ وڵاتە خاوەنی زۆربەی چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانن و دانوستانی بەردەوامی سەرکردەکانیان بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستە.
لەبارەی فیلیپینەوە، سەرۆک ترامپ گوتی لەگەڵ فێردیناند مارکۆس جونیۆر، سەرۆکی فیلیپین، لەسەر کەمکردنەوە و نەهێشتنی کەموکوڕیی بازرگانیی ئەمەریکا لەگەڵ فیلیپین ڕێککەوتوون، لە ڕێگەی زیادکردنی هاوردەی وزە و بەرهەمە کشتوکاڵییە ئەمەریکاییەکانەوە.
ترامپ هەروەها گوتی چین و ڕووسیا پێگەی پێشوویان لە ڤەنزوێلا نەماوە و ئاماژەی بەوە کرد کە داوای لە پەکین کردووە لە ڤەنزوێلا و کەناڵی پاناما دوور بکەوێتەوە.
لێدوانەکانی ترامپ لەبارەی ئێران
ترامپ حکومەتی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ڕژدی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دانوستان ناکات.
گوتی تاران دەیەوێت ڕێککەوتنێک بکات، بەڵام ئەو مەرجانەی پێشنیاری دەکات بۆ واشنتن قبووڵکراو نین.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "ئێمە دەمانەوێت ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە بکەین، نەک ڕێککەوتنێکی ساختە."
سەرۆکی ئەمەریکا بەرگریی لە بڕیاری دەستپێکردنی شەڕی دژی ئێران کرد و گوتی ئەگەر پێویست بکات جارێکی دیکەش هەمان بڕیار دەدات، چونکە "ناتوانین ڕێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترامپ هەروەها لێدوانەکانی ڤانسی بە دروست وەسف کرد کە شەڕی ئێرانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکان دانابوو.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ڕاپۆرتەکانی پێلانێکی گومانلێکراوی ئێران بۆ تەقاندنەوەی 'بۆمبی پیس' کە ماددەی تیشکدەری ئەتۆمی لەخۆ دەگرێت، ترامپ گوتی، "ڕێگە بەوە نادەین." وتیشی، ئەمەریکا زانیاریی فراوانی لەبارەی چالاکییەکانی ئێرانەوە هەیە.
ڕۆبیۆ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ سەر خاکی ئەمەریکا نییە.
ڤانس هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی ئامانجێکی سەرەکیی حکومەتە.
وەڵامی ترامپ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی حکومەتی عێراق لە جورف ئەلسەخر
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە ترامپ کرد لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ چوونە ناو جورف ئەلسەخر، سەرەڕای ناڕەزایی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران.
ترامپ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باسی وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی نەکرد، بەڵام پشتیوانیی خۆی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپات کردەوە.
ترامپ ئاماژەی بە هەڵبژاردنی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی، "دەزانن، ئەو هاوڕێمە. لە پلەی دەیەمدا بوو و من پشتیوانیم لێکرد و بە سەرکەوتنێکی گەورە و چاوەڕواننەکراو بردییەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، "ئەو پیاوێکی باشە و پیاوێکی بەهێزە. پێم وایە کاتێک بیەوێت شتێک بکات، توانای ئەنجامدانی هەیە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە هێزە فەرمییەکانی عێراق و دوو لیوای حەشدی شەعبی ڕۆژی هەینی، دوای 12 ساڵ کۆنترۆڵی میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵا بەسەر جورف ئەلسەخردا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا چوونە ناو ناوچەکە.
باڵادەستیی ئەمەریکا لە ژیری دەستکرد و ناوەندەکانی داتا
ترامپ ڕایگەیاند ئەمەریکا و چین لە پێشەنگی پەرەپێدانی ژیری باڵادان و گوتی هەردوو وڵات لەسەر دانانی چەند سنوور و ڕێسایەکی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە ڕێککەوتوون.
ئەو جەختی لە گرنگیی سەرکەوتنی ئەمەریکا لە پێشبڕکێی ژیری باڵادا کردەوە.
هەروەها هۆشداری دایە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان ئەگەر ناوەندی داتا لە دەرەوەی ئەمەریکا دروست بکەن، ڕووبەڕووی "باجێکی زۆر گەورە" دەبنەوە.
گوتی، "ڕێگە نادەین ناوەندەکانی داتا بچنە وڵاتانی دیکە."
بەڵام ترامپ وردەکاریی پلانی نوێی لەمبارەوە نەخستەڕوو و گوتی هێشتا بەرپرسانی حکومەتەکەشی لەو بڕیارە ئاگادار نەکردووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کرد پشتیوانی لە دروستکردنی ناوەندەکانی داتا لە ناوچەکانیان بکەن و داوای قەرەبوو و سوودی ئابووری لە کۆمپانیاکان بکەن.
لەبارەی فرۆشتنی چیپی ئەلیکترۆنی بە چین، ترامپ گوتی تەنها ڕێگە بە هەناردەکردنی چیپە کۆنەکان دەدات.
کێشە تەکنەلۆژییەکانی ئەمەریکا
ترامپ لەبارەی ئەو کێشە تەکنەلۆژییانەش دوا کە لەم دواییانەدا خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانی، ئیمەیڵ و بانکەکانیان تێکداوە.
ئەو ڕایگەیاند ئەو ڕووداوانە پەیوەندییان بە یەکەوە نییە و گوتی، "هەموویان ڕووداوی جیاوازن. هەزاران کۆمپانیامان هەیە کە ئێستا سیستەمەکانیان نوێ دەکەنەوە، کاتێکیش نوێیان دەکەنەوە، شتی خراپ ڕوودەدات."
ترامپ هەروەها ڕوونی کردەوە کە شان کێرنکرۆسی، باڵاترین بەرپرسی سایبەری کۆشکی سپی، لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە، چونکە "توانای بەپێی پێویست نەبووە."
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی حکومەت، کیرستن دەیڤیس، بەرپرسی سەرەکیی زانیاری لە وەزارەتی بەرگری، بە شێوەی کاتی جێگەی گرتووەتەوە.
شەڕی ئۆکراینا و بابەتەکانی دیکە
سەرۆک ترامپ دووپاتی کردەوە کە پوتن دەیەوێت شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام دوژمنایەتیی توندی نێوان پوتن و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕێگرییەکی گەورەیە.
ڕایگەیاند، "گفتوگۆی زۆر باشمان هەیە. پێم وایە هەلی زۆر باش هەیە بتوانین ئەمە ئەنجام بدەین."
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا، ستێڤن میلەر، بەرپرسی کاروباری کۆشکی سپی، ستایشی دەستکەوتەکانی حکومەتی ترامپی کرد لە بواری کۆچبەران، کەمکردنەوەی تاوان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزە.
ڤانس هەروەها باسی ئەوەی کرد کە لە کاتی گەشتی ترامپ بۆ ئاسیا، ئەنجومەنی سینات پڕۆژە یاسایەکی بە دەنگی هەردوو حزب پەیوەست بە وزەی پەسەند کردووە.
ترامپ لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی چین و ڕووسیا دەتوانێت یارمەتیی چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان بدات.