سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی ئاماژەی بەوە دا کە بژاردەکانی سەبارەت بە ئێران بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و ڕەنگە هێرشە سەربازییەکانی دیکە تا سەرەتای ساڵی نوێ ڕابگرێت.
سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە کاتی گەڕانەوەی لە ئاسیا و لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ناسراو بە ئێیەر فۆرس وەن، ئەمەی ڕاگەیاند.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێ گوتی، "دوای سەرەتای ساڵی نوێ لەو بارەیەوە قسەتان لەگەڵ دەکەم.''
هەروەها گوتی، ''کاتمان بە دەستەوەیە.''
پێشتر سەرۆک ترامپ لە 8ـی مانگی دەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمەریکا پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی لە بەرواری 3ـی مانگی یازدە هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئێران، هۆکارەکەشی بۆ ''گفتوگۆ بەرهەمدارەکان'' گەڕاندبووەوە. ناوبراو بە جیاش ڕایگەیاندبوو کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ''هیچ کاریگەرییەکی'' نابێت لەسەر بڕیارەکانی سەبارەت بە ئەگەری هەنگاوی سەربازیی زیاتر دژی ئێران.
ترامپ چەندین جار بەڵێنی داوە ڕێگری لە ڕژێمی ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا فشاریان خستووەتە سەر ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە بە پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بدات بگەڕێنەوە و سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی ئێران بکەن کە لە هێرشە سەربازییەکانی ساڵی ڕابردوودا زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو چوار وڵاتە کە بە 'چوارینە' ناودەبرێن، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگارانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتییان کرد و ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، ڕایانگەیاند، ''داوا لە ئێران دەکەین بەبێ دواکەوتنی زیاتر لەگەڵ دەزگاکەدا بکەوێتە گفتوگۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە تەکنیکییانەی کە پێویستن بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی پشکنینەکان لە ئێران.''
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ''ئەمەش پێدانی زانیارییە داواکراوەکان سەبارەت بە دامەزراوە ئەتۆمییە زیانلێکەوتووەکان و ماددە ئەتۆمییەکان دەگرێتەوە، هەروەها ئاسانکاریکردن بۆ چالاکییەکانی دڵنیابوونەوەی دەزگاکە لە هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا.''
بەڕێوەبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، ڕافایل گرۆسیی، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو کە دەزگاکەی ناتوانێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی ماددە ئەتۆمییە ڕاگەیەندراوەکانی ئێران لە بواری ئاشتییانەدا بەکاردەهێنرێن، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی هاوکاریی تاران لەگەڵ پشکنەرەکان و نەبوونی پشکنینی مەیدانی گەڕاندبووەوە.
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە لە وەڵامێکدا داواکاریی دەزگاکەی بۆ پشکنین ڕەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو زانیارییانەی لەلایەن دەزگاکەوە کۆدەکرێنەوە، ڕەنگە یارمەتیدەر بن بۆ هەوڵەکانی چاودێریکردن، و ''بە دڵنیاییەوە" بۆ هێرشەکانی داهاتوو دژی ئێران بەکاردەهێنرێن.
نوێنەرایەتیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا گوتی، ''هیچ پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی و هاوکاریی بێمەرج لەسەر حسابی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام نادەین.''
وڵاتانی چوارینە ڕایانگەیاند کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت تاکلایەنانە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی چاودێریی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی هەڵپەسێرێت و هۆشدارییان دا کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بەرپرسیارێتیی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لاواز دەکات.
وڵاتانی چوارینە جەختیان کردەوە لەوەی ''ئەم ڕێکارانە دیاریکراون، جێبەجێ دەکرێن و دەکرێت بە خێرایی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر ئێران بڕیاری لەسەر بدات. ئەوە لەسەر ئێرانە کە ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە، ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت و وەڵامی نیگەرانییە لەمێژینەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بداتەوە.''