بەرپرسێکی بەرگریی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، شەڕی دژی ئێران لە مانگی دووی ئەمساڵەوە کاتێک شەڕەکە دەستی پێکرد تا ئێستا تێچووەکەی بۆ ئەمەریکا لانیکەم 48 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە. ئەم خەماڵاندنە زیانەکانی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگرێتەوە.
ئارسەر میلەر، پاڵێوراو بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری هێزی دەریایی بۆ کاروباری بەڕێوەبردنی دارایی و چاودێریکردن، ئەم لێدوانەی لە دانیشتنێکی متمانەپێدان لە لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی سینات دا.
میلەر لە وەڵامی پرسیارێکی سیناتۆری دیموکراتەکان، ڕیچارد بلومێنتاڵ، گوتی، ''ڕۆژی 13ـی مانگی یازدە، بڕەکە 48.3 ملیار دۆلار بووە.''
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا ''ئەو ژمارەیە تێچووی تەقەمەنی، تێچووی جێگرتنەوەی کەرەستەکان و تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان دەگرێتەوە، بەڵام کۆی گشتی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان ناگرێتەوە.''
هونگ کاو، پاڵێوراو بۆ پۆستی وەزیری هێزی دەریایی ئەمەریکا، کە ڕۆژی سێشەممە وتەی خۆی پێشکەش کرد، ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ئەمەریکا بە 280 کەشتی کار دەکات، لە کاتێکدا پێویستی بە 355 کەشتییە.
کاو گوتی، ''ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو کەشتییانە بە زووترین کات بخەینە کار، تاوەکو دەریاوانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەرکدا نەمێننەوە و لە خێزانەکانیان دوور نەکەونەوە. هەروەها مانەوەی زۆریان تێچوو و کێشەیەکی زۆری چاککردنەوەش بۆ کەشتییەکانمان دروست دەکات.''
ڕیچارد برێکنریج، پاڵێوراوی پۆستی یاریدەدەری وەزیری هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان و کڕینی کەرەستەی سەربازی، ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەرکردنی "ئاستەنگەکانی دروستکردنی کەشتی" لە ئەمەریکا، پێویستە هەم لە ئاستی کەرتی پیشەسازی و هەم لە ئاستی حکومەتدا بەرپرسیارێتی دیاری بکرێت و لێپرسینەوە هەبێت.
برێکنریج لە وەڵامی پرسیارێکی سیناتۆری کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەکە، ڕۆجەر ویکەر، گوتی. ''هێزی دەریایی زووتر پێویستی بە کەشتی زیاترە لە دەریادا.''
ناوبراو گوتیشی، ''ئەگەر متمانەم پێ بدرێت، پابەند دەبم بە گەڕاندنەوەی خۆڕاگری و توانای زیاتر بۆ بنکەی پیشەسازی و دابینکەرەکانمان کە پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ قۆناغی کۆتایی کۆکردنەوە و تاقیکردنەوەی کەشتیسازە سەرەکییەکانمان دابین دەکەن.''
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی ئێران ''بە شێوەیەکی کردەیی کۆتاییان هاتووە.'' هاوکات جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ''ئامادەباشی تەواو"ـدان ئەگەر بارودۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.