هێزەکانی حکومەتی عێراق چوونە ناو جورف ئەلسەخر

هێزە فەرمییەکانی حکوومەتی عێراق ڕۆژی هەینی لە دوای چەندین ڕۆژ لە ئاڵۆزی و مەترسی پێکدادان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵا، چوونە ناو ناحیەی جورف ئەلسەخر.

لە دوای چوونەژووەرەوەی هێزە عێراقییەکان بە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی و بەشداریی دوو لیوای حەشدی شەعبی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، ''هیچ هێزێک نابێت لە دەرەوەی دەوڵەت بمێنێتەوە."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەترسی پێکدادان لە نێوان هێزە فەرمییەکانی عێراق و میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵا هەبوو. بەڵام دواتر ڕێککەوتنێک لە چوارچێوەی دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەش بۆ ئۆپەراسیۆنەکان هاتە ئاراوە و بەبێ پێکدادان هێزە فەرمییەکان چوونە ناو ناحیەی جورف ئەلسەخر.

گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومی بۆ ناحیەی جورف ئەلسەخر بە گوتەی حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتەکەدایە بۆ یەکخستنی هێزە چەکدارەکان و نەهێشتنی بە قاچاخبردنی نەوت و سەرچاوە عێراقییەکان.

هەروەها لە پەیوەندیدا لەگەڵ واشنتن، چەند جارێک حکومەتی ئەمەریکا و عێراق دووپاتیان کردووەتەوە کە نابێت میلیشیا عێراقییەکان لەو شێوازی کارکردنە بەردەوام بن و ببنە مایەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێی عێراق. پێشتریش دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو کە پاڵپشتیی هەوڵەکانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و هەر خۆیشی هانی عێراقییەکانی داوە بۆ هەڵبژاردنی ئەم سەرۆکوەزیرانە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە ئەمەریکا چاوەڕوانی لە حکومەتی عێراق ئەوەیە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسیار بکات لە هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی دۆخی عێراق و ناوچەکە. ئەو وتەبێژە ڕایگەیاند میلیشیاکانی سەر بە ئێران "بە شێوەیەکی چالاک سەروەریی و ئابووریی عێراق لاواز دەکەن و لە ڕێگەی بەرتیل و گەندەڵییەوە سامانەکانی عێراق دەدزن، بۆ ئەوەی خۆیان و ڕژێمی تاران سوودمەند بن."

شایەنی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو کە لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە قاچاخچیی نەوتیان لە چەند شوێنێکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەدی کردووە و یەکێک لەو شوێنانەش ناحیەی جورف ئەلسەخر بوو. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، گوتبووی، ''قاچاخچێتی نەوت و دزینی ئەم سەرچاوە گرنگە هەیە.''

XS
SM
MD
LG