وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە کۆلۆمبیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە کاتی ڕادەستکردنی کەرەستەی سەربازی تەوقە لەگەڵ خۆرخێ ئیدواردۆ مۆرا لۆپێز، وەزیری بەرگریی کۆلۆمبیا، دەکات.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە کاتی ڕادەستکردنی کەرەستەی سەربازی تەوقە لەگەڵ خۆرخێ ئیدواردۆ مۆرا لۆپێز، وەزیری بەرگریی کۆلۆمبیا، دەکات.

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، دوای سەردانەکەی بۆ ڤەنزوێلا، گەیشتە بۆگۆتای پایتەختی کۆلۆمبیا، کە تێیدا لەگەڵ خۆرخێ مۆرا، وەزیری بەرگریی کۆلۆمبیا، و عومەر بولا ئەسکۆبار، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، کۆبووەوە و سەرپەرشتیی ڕادەستکردنی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی جۆری C-130 Herculesـی ئەمەریکای بە هێزی ئاسمانیی کۆلۆمبیا کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، هێگسێت ستایشی ڕۆڵی پێشەنگیی کۆلۆمبیای لە هاوپەیمانیی ئەمەریکاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر کرد و پێزانینی خۆی بۆ پابەندیی ئەو وڵاتە بە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر دەربڕی.

لە بەرامبەردا، وەزیری بەرگریی کۆلۆمبیا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستنی سنوورەکانی و یەکپارچەیی خاکی کۆلۆمبیا کرد.

ڕادەستکردنی فڕۆکەکە بەشێکە لە هاوکارییە دووقۆڵییە فراوانەکەی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی سەرۆک دۆناڵد ترامپ و سەرۆکی کۆلۆمبیا، ئەبیلاردۆ دێ لا ئێسپریێیادا، کە لە ماوەی ڕابردوودا قووڵتر بووەتەوە.

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ئەم بەخشینە هەروەها بەشێکە لە پشتیوانییە لۆجیستییەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی 'قەڵغانی ئەمەریکاکان'، هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە مانگی سێی ئەمساڵدا بە بەشداریی زۆرینەی حکومەتە پارێزگارەکانی ئەمەریکای لاتین بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر دامەزرا. بەڵام دوو وڵاتی گەورەی ناوچەکە، بەڕازیل و مەکسیک، ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە نین.

بەپێی لێدوانێکی پێشووی خۆرخێ ئیدواردۆ لۆپێز، وەزیری بەرگریی کۆلۆمبیا، ئەمە یەکەم فڕۆکەیە لە کۆمەڵێک فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازیی جۆری C-130 Hercules کە ئەمەریکا بڕیارە ڕادەستی کۆلۆمبیای بکات.

لۆپێز ڕۆژی سێشەممە بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت، "ئێمە چاومان لە بابەتە گرنگەکانی دیکەیە سەبارەت بەوەی چۆن ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنمان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ کۆلۆمبیاییەکان."

بەپێی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، ڕادەستکردنی فڕۆکەکە ئامانجی بەهێزکردنی توانای گواستنەوەی هێزی ئاسمانیی کۆلۆمبیا و فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنەکانیەتی دژی تۆڕەکانی تیرۆریستی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر.

هێگسێت لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پابەندیی ئەمەریکا کردەوە بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی بەرگریی بە ئەنجام لەگەڵ کۆلۆمبیا، کە هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتییە ناوچەییەکان و پێشخستنی بنەمای "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" لە سەرانسەری هەردوو قاڕەی ئەمەریکا پتەو دەکات.

XS
SM
MD
LG