سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا کۆتوبەندی نوێی دژ بە دەستڕاگەیشتنی دوورمەودا بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ژیری باڵا و چیپە ئەلیکترۆنییەکان و سێرڤەرەکان ڕاگەیاند. ئەم کۆتوبەندە نوێیانە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمپانیا چینییانە داڕێژراون کە لە ڕێگای بەکارهێنان یان بە کرێگرتنی کاتیی کۆمپیوتەر لە وڵاتانی دیکە، خۆیان لە کۆتوبەندەکانی ئەمەریکا لەسەر فرۆشتنی چیپ دەدزنەوە.
نووسینگەی پیشەسازی و ئاسایش ڕۆژی دووشەممە ڕێسایەکی کاتیی کۆتایی دەرکرد کە بە ڕێنمایی وەزارەتی گەنجینە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانییەوە ئامادە کراوە.
بەپێی ڕێسا نوێیەکە، دابینکەرانی چیپی ئەمەریکایی پێویستییان بە مۆڵەتی حکومەت دەبێت پێش ئەوەی چیپە پێشکەوتووەکان بفرۆشن بەو ناوەندانەی داتا کە ڕێگە بە کۆمپانیا چینییەکان دەدەن بڕێکی زۆر لەو توانا کۆمپیوتەرییە بەکرێ بگرن یان بەکاری بهێنن. ئەو سنوورەش بە نزیکەیی یەکسانە بە توانای نزیکەی 330 دانە لە چیپە هەرە پێشکەوتووەکانی کۆمپانیای ئێنڤیدیا.
هەروەها بڕیارەکە مۆڵەتی پێشوەختە دەکاتە مەرج بۆ هەناردەکردنی چیپ بۆ سینگاپوور، مالیزیا، ئیندۆنیزیا، تایلەند و بەڕازیل. وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا دەڵێت ئەو وڵاتانە مەترسییەکی زیاترییان لەسەرە بۆ ئەوەی چیپەکان بە ئاڕاستەی دیکەدا ببرێن.
ڕێساکە ناوەندەکانی داتا، بەرهەمهێنەرانی چیپ لە دەرەوەی وڵات و هەناردەکارانی چیپ پابەند دەکات کە وردبینی زیاتر لەسەر کڕیارەکانییان دابنێن، لەوانەش دیاریکردنی ئەوەی ئایا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ لەلایەن کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی چینەوە خاوەندارێتی دەکرێن یان کۆنتڕۆڵ کراون.
جگە لە چین، کۆتوبەندەکان هەریەک لە کوبا، ئێران، کۆریای باکوور و ڕووسیاش دەگرنەوە.
وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند کە ئامانج لەم ڕێسایە ئەوەیە ئەو ڕێوشوێنە ئاسایشییانەی، کە دەستڕاگەیشتنی دوورمەودا بە توانا کۆمپیوتەرییە پێشکەوتووەکان ڕێکدەخەن، زیاتر هاوتەریب بکرێن لەگەڵ کۆنتڕۆڵە بەرکارەکانی سەر ناردنی بەرجەستەی تەکنەلۆجیای هەستیاری ئەمەریکایی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا وەک پێشەنگی جیهانیی لە بواری کۆمپیوتەری پێشکەوتوو و تەکنەلۆجیای ژیری باڵادا دەمێنێتەوە و پابەندە بە برەودان بە بەکارهێنانی بازرگانی یاسایی تەکنەلۆجیای ئەمەریکایی لە سەرانسەری جیهاندا. بەڵام هۆشداری دا کە پێشکەوتنە خێراکانی بواری کڵاود کۆمپیوتینگ و ژێرخانی ژیری باڵا، وایانکردووە کە دەستڕاگەیشتن بە توانا کۆمپیوتەرییە پێشکەوتووەکانی ئەمەریکا لە دوورەوە زیاتر بێتە دی، لەوانەش لە ڕێگەی ناوەندەکانی داتا لەو وڵاتانەی کە نەکەوتوونەتە ژێر کۆتوبەندەکانی هەناردەکردنی ئەمەریکاوە.
کاردانەوەی چین
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕەخنەی لە کۆتوبەندە نوێیەکان گرت و واشنتنی تۆمەتبار کرد بە دەستوەردان لە هاوکارییە بازرگانییەکانی تەکنەلۆجیای چین لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، گۆ جیاکون، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەمەریکا '' چەمکی ئاسایشی نیشتیمانی زیاد لە پێویست درێژ دەکاتەوە.''
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو ڕێکارانە پێشێلکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنانەن کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا پێی گەیشتبوون و هۆشداری دا کە "ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی پتەوی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی خۆی.''
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ کاروباری چین و ئەندامی کۆمارییەکان لە ویلایەتی میشیگن، جۆن مۆڵینار، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕێکارە سنوورکەرەکانی حکومەتی ئەمەریکا کرد.
مۆڵینار ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی ڕێساکە ''پەیامێک بۆ حزبی شیوعی چین دەنێرێت کە ئەمەریکا ڕژدە لە داخستنی ئەو کەلێنە مەترسیدارانەی کۆنتڕۆڵی هەناردەکردن کە چین چەندین ساڵە دەیانقۆزێتەوە.'' ناوبراو ئەم هەنگاوەی بە کارێکی گرنگ ناوبرد بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنی چیپە هەستیارەکان بۆ ناو دەستی هەڵە، بەهێزکردنی یاساکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و پاراستنی پێشەنگیی ئەمەریکا لە پێشبڕکێی ژیری باڵادا.
لە مانگی یەکدا ئەنجومەنی نوێنەران یاسای ئاسایشی دەستڕاگەیشتنی دوورمەودای پەسەند کرد، کە هەوڵ دەدات نەیارە بیانییەکان، لە نێویاندا حزبی شیوعی چین، سنووردار بکات لە بە دەستهێنانی دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆجیای ئەمەریکایی لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکانی کڵاود کۆمپیوتینگەوە.
ڕەش دۆشی، کە لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا وەک بەڕێوبەری کاروباری چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کاری کردووە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە ڕێسا نوێیەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە دەستڕاگەیشتنی دوورمەودا لە ژێر کاریگەریی ئەو مشتوومڕەدا بووە کە دەوری جێنسن هوانگی دابوو. بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، بەڕێوبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای ئێنڤیدیا، جێنسن هوانگ، هەفتەی ڕابردوو دەستی لەکارکێشایەوە، دوای ئەوەی دانی بەوەدانا کە پەیوەندییەکی سۆزداریی لە دەرەوەی هاوسەرگیرییەکەی هەبووە لەگەڵ خانمە بازرگانێکدا کە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا پێیان وایە لەلایەن هەواڵگری چینەوە ڕاکێشراوە و بەکارهێندراوە، هەرچەندە چین ئەو ڕاپۆرتە ڕەت دەکاتەوە.
ئەم ڕاگەیاندنە هاوکاتە لەگەڵ بوونی جیاوازیی بۆچوون لە ناو بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای مێگاسپیددا. خانمە بازرگانەکە پێشتر بەڕێوبەری ئەو کۆمپانیایە بووە کە بنکەکەی لە سینگاپوورە.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سکۆت بەسێنت، هەفتەی ڕابردوو بە کەناڵی سی ئێن بی سی گوت کە وەزارەتەکانی گەنجینە و دەرەوە و جەنگ لەگەڵ نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا بۆ چەندین مانگ لایەنگری ئەوە بوون کۆمپانیای مێگاسپید لە سینگاپوور بخرێتە ناو 'لیستی قەوارەکان' لە وەزارەتی بازرگانییەو.
'لیستی قەوارەکان' ئەو کەس و قەوارە بیانییانە دەستنیشان دەکات کە وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی یان بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دادەنرێن. بە شێوەیەکی گشتی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان پێویستیان بە مۆڵەت هەیە بۆ هەناردەکردنی هەندێک کاڵا بۆ ئەو قەوارانەی ناویان لە لیستەکەدایە، هەروەها سیاسەتی مۆڵەتدانەکەش بەپێی قەوارەکە و بەرهەمەکە دەگۆڕێت. بەسێنت گوتی وەزارەتی بازرگانی کۆنتڕۆڵی بڕیارەکەی لە دەستدایە و ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوە لەسەر وەزارەتەکەیە پڕۆسە ناوخۆییەکەی ڕوون بکاتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت کە ''دوو بۆچوونی جیاواز '' هەن سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا. ئەو یەکێکیانی بەوە ناوبرد کە لایەنگری ڕێبازێکی دۆستانەترە و ئەوی دیکەشیان ئامادەیە مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوە بگرێتە ئەستۆ. ترامپ گوتی هەردوو هەڵوێستەکە جێگەی قبووڵکردنن و ئەو لە هەردوولا تێدەگات.