دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری شێنجێنی چین، لە کۆبوونەوەیەکی مێژووییدا لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، کۆبووەوە. سەرکردەکانی سێ وڵاتە زلهێزەکە لەبارەی کەمکردنەوەی چەکی ناوەکی، شەڕی ئۆکراینا و ئاسایشی جیهانی گفتوگۆیان کرد.
کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند و سەرۆک ترامپ نزیکەی کاتژمێر پێنجی بەیانی بە کاتی واشنتنی پایتەخت (یەکی پاشنیوڕۆ بە کاتی هەولێر) لە شوێنی کۆبوونەوەکە دەرچوو و بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێکەوت و گەڕایەوە ئەمەریکا.
دواتر حکومەتی چین و ڕووسیا ڕایانگەیاند کە ترامپ و شی پوتن، لەسەر 'جاڕنامەیەکی ئاشتی' ڕێککەوتن، کە تێیدا ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە نابێت هیچ کاتێک شەڕێکی ئەتۆمی ڕووبدات. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو دوو وڵاتەدا هاتووە کە هەرسێ سەرکردەکە بەڵێنیان داوە هەوڵەکانی چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش بخەن، دابینکردنی بەرهەمە پاڵاوتەکانی نەوت بۆ هەموو وڵاتان زیاد بکەن و پارێزبەندیی یاسایی بۆ بەرپرسانی دەوڵەتان لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزن.
کۆشکی سپی هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڵگەنامەکەی بڵاو نەکردووەتەوە و پشتڕاستیشی نەکردووەتەوە.
ئەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە، کە بۆ یەکەمجار سەرکردەکانی ئەم سێ وڵاتەی لە یەک مێزی گفتوگۆدا کۆکردەوە، وەک هەنگاوێکی گرنگی دیپلۆماسی سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهۆی ناکۆکییە سیاسی و ئابووری و ئاسایشییەکانەوە ئاڵۆزن.
سەرۆک ترامپ لە کاتی کۆبوونەوەکەدا گوتی، "ئێمە بەڕاستی مێژوو تۆمار دەکەین."
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لە گرنگیی گفتوگۆی نێوان وڵاتە زلهێزە ڕکابەرەکان کردەوە و گوتی کۆبوونەوەکە دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بۆ ماوەیەکی درێژ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان تێکداوە.
ترامپ هەروەها گوتی، "زۆرجار سەرکردەکانی پێشوو خۆیان لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەپاراست کە ناکۆکییان لەگەڵیان هەبوو. بەڵام بە ڕێبازی کۆنی ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانەوە، هیچ کێشەیەک چارەسەر نەکراوە."
گوتیشی، "ئێمە پێکەوە ڕێگایەکی جیاواز هەڵدەبژێرین."
کۆبوونەوەکانی پێش کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە
پێش کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە، سەرۆک ترامپ بۆ ماوەی نزیکەی 40 خولەک لەگەڵ سەرۆک پوتن کۆبووەوە و دواتر کۆبوونەوەیەکی زیاتر لە کاتژمێرێکی لەگەڵ سەرۆک شی ئەنجام دا.
ترامپ گوتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن زەمینەی بۆ گفتوگۆ سێ قۆڵییەکە خۆش کردووە و هیوای دەربڕی کە هاوکاری لەگەڵ چین بتوانێت یارمەتیی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بدات.
شی: هاوکاریی نێوان سێ زلهێزەکە پێویستییەکە
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کە میوانداریی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی دەکرد، کۆبوونەوەکەی بە "هەنگاوێکی بنەڕەتی و مێژوویی" ناوبرد و جەختی لە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی سێ وڵاتەکە بۆ پاراستنی سەقامگیریی جیهانی کردەوە.
شی گوتی، "گفتوگۆ و مامەڵەی ئەرێنیی نێوانمان هەڵبژاردەیەک نییە، بەڵکو پێویستییەکە."
سەرۆکی چین ئاماژەی بەوە کرد کە سێ وڵاتەکە دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان و پاراستنی ئاشتیی نێودەوڵەتی پێکەوە کار بکەن.
پوتن: شەڕی ئۆکراینا یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بوو
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی سێ وڵاتەکە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە هەرسێکیان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
پوتن گوتی، "وڵاتەکانمان بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆریان لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوچەییەکاندا هەیە، لەوانەش بە دڵنیاییەوە ململانێی ئۆکراینا."
سەرۆکی ڕووسیا پشتڕاستی کردەوە کە شەڕی ئۆکراینا یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی لەگەڵ ترامپ بووە، کە بە دەستپێشخەریی سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجام دراوە.
ترامپیش لەبارەی شەڕەکەوە گوتی پێی وایە چەند هەنگاوێک لە ئارادان و هیوادارە هەردوو لایەن خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بن.
ترامپ گوتی، "پێم وایە شتەکان لە جووڵەدان. پێم وایە من و ئەو هیوادارین لایەنی بەرامبەریش بیەوێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنرێت."
گفتوگۆ لەسەر کەمکردنەوەی چەکی ناوکی
یەکێکی دیکە لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، ئەگەری کەمکردنەوەی چەکی ناوکی لە ئاستی جیهاندا بوو.
ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە کەمکردنەوەی چەکی ناوکی ئامانجێکی گرنگە، بەڵام ڕازیکردنی وڵاتە خاوەن چەکە ناوکییەکان بۆ وازهێنان لەو چەکانە کارێکی زۆر دژوارە.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمە کارێکی زۆر قورسە، چونکە کاتێک چەکی ناوکیت هەبێت، زۆر قورسە دەستبەرداریان بیت."