بەرپرسانی ئەمەریکا ڕەتیدەکەنەوە هێرشێکی سایبەریی هۆکاری پچڕانی خزمەتگوزارییە تەکنەلۆژییەکان بووبێت

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، لەوانە وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕۆبیۆ، ڕەتیان کردووەتەوە کە هێرشێکی سایبەریی هەماهەنگکراو هۆکاری زنجیرەیەک لە پچڕان و تێکچوونی خزمەتگوزارییە تەکنەلۆژییەکان لە سەرانسەری ئەمەریکا بووبێت. ئەو بەرپرسانە دەڵێن هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەو ڕووداوانە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە لایەنێکی دوژمنکار یان حکومەتێکی بیانییەوە ببەستێتەوە.

ئەو پچڕانانە کاریگەرییان لەسەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، بانکەکان، دامەزراوە حکومییەکان و چەندین خزمەتگوزاریی سەرەکیی دیکە هەبووە، کە نیگەرانیی لەبارەی توانای خۆڕاگریی ژێرخانی ئەمەریکا لە بەرامبەر تێکچوونەکاندا دروست کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ لە فیلیپین، کە لەوێ یاوەری گەشتەکەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ بۆ ئاسیا دەکات، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ''ئێمە لە ژێر هێرشێکی ڕێکخراودا نین.''

وەزیری دەرەوە دانی بەوە دانا کە ''خەڵک تووشی دڵەڕاوکی و نیگەرانی بوون،'' بەڵام جەختی کردەوە کە پچڕانەکان ''هیچ پەیوەندییەکییان بە یەکترەوە نیە.''

پچڕانەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵی کە بووە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێیەرلاینز و بانکە گەورەکانی وەک جەی پی مۆرگەنیان گرتەوە. ڕۆژی سێشەممەش خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای ئاپڵ و تۆڕی ناوخۆیی نهێنی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی تووشی پچڕان بوون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە هەڵسەنگاندنەکانی حکومەت دەریدەخەن ڕووداوەکان هۆکاری جیاوازییان هەیە و گوتی ''هەموو ئەو ئاماژانەی لەبەردەستماندان ئەوە دەردەخەن کە هەریەک لەم ڕووداوانە ڕوونکردنەوە یان هۆکارێکی هەیە کە هیچ پەیوەندییەکی بە تاوانباری ئەلیکترۆنی، لایەنی دوژمنکار یان وڵاتێکی دیکەوە نیە.''

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ فیلیپین بە ڕۆژنامەنووسانی گوت کە ڕووداوی لەوشێوەیە دەکرێت بەسەر وڵاتێکی گەورە و بەهێزدا بێت، ڕۆژی سێشەممەش گوتی، ''ئەمە ژیانە، کاتێک تۆ گەورە و بەهێز بیت و ئەو هەموو پارەیەت هەبێت، شتی وا ڕوودەدات. دۆخەکە باشە.''

لەلایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس هانی ئەمەریکاییەکانیدا کە بۆ هەر بارێکی لە ناکاو لە ئامادەباشیدا بن، بەڵام هۆشداری دا دژی دروستبوونی ترس و شڵەژان و ڕایگەیاند کە بەڕێوبەرایەتییەکەیان پێی وانییە قەیرانێکی گەورە بەڕێوەبێت. ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، گوتی '' ئێمە هیچ قەیرانێک نابینین کە بەرەو ڕوومان بێت، بەڵام دەبێت هەموو شتێک ئامادە بێت.''

وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، مارکوەین موڵین، ڕایگەیاند کە پچڕانەکان بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ کۆنبوونی ژێرخانی کۆمپیوتەریی کە بە زەحمەت دەتوانێت تەکنەلۆجیا نوێیەکان لەخۆ بگرێت. موڵین ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵی سی ئێن بی سی گوت، ''هەندێک لەو تەکنەلۆجیا نوێیانەی دەیانخەنە کار، لەسەر سیستمە کۆمپیوتەرییە زۆر کۆنەکان دایاندەنێن و پێدەچێت ئەمە فشارێکی زۆر بخاتە سەر سیستمەکە. بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشی ئەلیکترۆنییەوە نیە، پێم وایە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیای نوێدا زیاتریش لەم حاڵەتانە دەبینین.'' هەروەها جەختی کردەوە، ''دەتوانم بە دڵنیایی 98٪ پێتان بڵێم کە ئەمە هێرشی ئەلیکترۆنی نیە.''

بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا، جەی کڵەیتن، هاوڕا بوو لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی بەڕێوبەرایەتییەکەدا کە دەزگا هەواڵگرییەکان هیچ بەڵگەیەکییان نەدۆزیوەتەوە لەسەر بوونی ئۆپەراسیۆنێکی ڕێکخراو لەلایەن نەیارە بیانییەکانەوە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس بزنس گوتی. '' ئێمە هیچ نیشانەیەکی هێرشێکی ئەلیکترۆنی ڕێکخراو نابینین و هیچ نیشانەیەکی چالاکیی پاڵپشتیکراو لەلایەن دەوڵەتانەوە بەدی ناکەین.''

هاوکات وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا، شۆن دەفی، ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ سیناتۆرەکانی کۆمارییەکان کۆبووەوە بۆ داواکردنی 50 ملیار دۆلار بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی سیستمی کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی ئاسمانی ئەمەریکا. ئەم داواکارییەی دەفی دوای ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕۆژی هەینی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵییەوە هات کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 18 هەزار گەشتی ئاسمانی لە ماوەی سێ ڕۆژدا.

لە ئێستادا بەرپرسانی فیدڕاڵی بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە شکستە تەکنیکییەکان و هەڵسەنگاندنی خۆڕاگریی ژێرخانی هەستیاری ئەمەریکا. بەرپرسان پچڕانەکەی بواری فڕۆکەوانییان بەستووەتەوە بە ئامێرێکی ڕاوتەری نوێوە کە لە دامەزراوەیەک لە ویلایەتی ئارکەنساس دانراوە، هەرچەندە لێکۆڵەرەوان هێشتا سەرقاڵی پشکنینی هۆکاری سەرەکی شکستە تەکنیکییەکەن.

XS
SM
MD
LG