وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە پێی وانیە هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ لەسەر واشنتنی پایتەخت هەبێت، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، کە بە پشتبەستن بە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دابوو ئێران پلان دادەڕێژێت بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەمەریکا لە ڕێی ''بۆمبی پیس''ـی تیشکدەرەوە یاخود چەکی کیمیاییەوە.
ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممە لە مانیلای پایتەختی فلیپین بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ''ئەمەریکا هەمیشە چاودێری هەر کەسێک دەکات کە هەوڵی زیانگەیاندن بە وڵاتەکەمان و گەلەکەمان بدات، ئێمە هەموو ڕۆژێک لێشاوێک لە زانیاریی هەڕەشەمان پێدەگات کە زۆرینەیان جێی متمانە نین.''
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا نیگەرانە لە ئەنجامدانی هێرشێکی دەستبەجێ بۆ سەر واشنتن، ڕوبیۆ لە وەڵامدا گوتی ''نەخێر، نیگەران نیم.''
ڕوبیۆ ئاماژەشی بەوە کرد کە ڕژێمی ئێران و گرووپە تیرۆریستییە جیهانییەکان بەردەوام نیازی خۆیان بۆ زیانگەیاندن بە ئەمەریکا دەربڕیوە، بەڵام جەختی کردەوە ''پێم وانییە هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێ هەبێت.''
ڕوبیۆ سەبارەت بە ڕاپۆرتە میدیاییەکە گوتی، ''بەڵام سەبارەت بەو ڕاپۆرتە دیاریکراوە، تەنانەت لێدوانیشی لەسەر نادەم چونکە نازانم کێ ئەم شتانە بۆ ئێوە دزە پێدەکات، بەڵام ئەوانە یان کەسانی خۆدەرخەرن یان درۆزنن.''
ئەو بەرپرسانەی کە ناوییان نەهێندراوە و کەناڵی سی ئێن ئێن لێدوانەکانی لێوەرگرتوون، ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەو پلانانە تەنها بژاردە دەدەنە ئێران نەک ئەوەی ئاماژە بن بۆ هێرشێکی دەستبەجێ. هەروەها گووتوویانە کە ڕوون نیە ئایا ئێران کەسانی پێویستی لە شوێنی مەبەستدا هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی لەو شێوەیە یان نا. دەنگی ئەمەریکا بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕاپۆرتەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە وەڵامی هەمان ڕاپۆرتی هەواڵیدا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر واشنتن، ئەوا ''باجێک دەدات کە هیچ وڵاتێک پێشتر باجی لەو شێوەیەی نەدابێت.''
هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن وڵاتەکەی پلانی هێرشکردنە سەر واشنتن دادەڕێژێت و بە ''قسەی پڕوپووچ '' ناویبردن.