وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جورف ئەلسەخر، ڕایگەیاند، واشنتن چاوەڕوانی لە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی ئەوەیە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەسەر چالاکییە توندوتیژی و ناسەقامگیرکەرەکانیان لە عێراق و ناوچەکەدا بەرپرسیار بکات.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامێکی نووسراودا بە بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکای گوت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چاوەڕوانە سەرۆکوەزیران زەیدی، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەسەر بەشدارییان لە چالاکییە توندوتیژ و ناسەقامگیرکەرەکان لە سەرتاسەری عێراق و تەواوی ناوچەکەدا بەرپرسیار بکات."
وتەبێژەکە هەروەها گوتی، "ئەم میلیشیایانە بە شێوەیەکی چالاک سەروەریی عێراق لاواز دەکەن، ئابووریی عێراق دەخەنە ژێر فشار و لە ڕێگەی گەندەڵی و دەستبردن بۆ موڵکی گشتی، سامان و سەرچاوەکانی عێراق دەدزن بۆ ئەوەی خۆیان و ڕژێمی تاران سوودمەند بن."
گرنگی ناوچەی جورف ئەلسەخر
ناوچەی جورف ئەلسەخر، کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغدا دوورە و دەکەوێتە پارێزگای بابلەوە، بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق دادەنرێت.
ئەو ناوچەیە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی 345 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لەسەر ڕێگای مەزارگەکانی شیعە لە نێوان بەغدا و کەربەلا، گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014ـدا کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی ئێران لە هەمان ساڵدا توانیان ناوچەکە لەژێر دەستی داعش دەربێنن.
دواتر کەتائیبی حزبوڵا، کە یەکێکە لە گرووپە گەورەکانی ناو حەشدی شەعبی و نزیک لە ئێران، کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەی گرتەدەست و ناوی گۆڕی بۆ جورف ئەلنەسر.
ئەو گرووپە چەکدارە بە پاساوی ئەمنی ڕێگری لە چوونەژوورەوەی دامەزراوە حکومییەکان کردووە و گەڕانەوەی نزیکەی 140 هەزار ئاوارەی ناوچەکەشی ڕاگرتووە.
هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی دزەپێکراوی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2021ـەوە نەوتی خاو بە بەهای ملیۆنان دۆلار لە دوو بۆریی حکومیی گواستنەوەی نەوت، کە بە ناو ناوچە داخراوەکەدا تێدەپەڕن، دزراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، گومانلێکراوان پاڵاوگەی ژێرزەویی کاتییان بۆ پاڵاوتنی نەوتە دزراوەکە دروست کردووە.
لە دوای ئەو زانیارییانە، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لێژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پێکهێنا، کە ڕۆژی 13ـی یازدە بە پشتیوانیی هێزە سەربازییەکان چووە ناو ناوچەکە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوونی ئەو دامەزراوانە.
لێژنەکە ڕایگەیاند چەند شوێنێکی پەیوەست بە چالاکییەکانی قاچاخچێتیی نەوتی دەستنیشان کردووە، بەڵام ناوی ئەو کەس و لایەنانەی نەهێناوە کە گومان دەکرێت دەستیان لەو چالاکییانەدا هەبێت.
هەروەها لە چوارچێوەی هەڵمەتی دژەگەندەڵییەکەدا، نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و کارگێڕی لە پارێزگای بابل، لەوانە فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆرییەکانی نەوت، لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
کاردانەوەی کەتائیبی حزبوڵا
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق، حکومەت فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان داوە بچنە ناو جورف ئەلسەخر و مۆڵەتێکی بۆ کشانەوەی گرووپە چەکدارەکە لە ناوچەکە دیاری کردووە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق بە فەرمی هیچ وادەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆتا مۆڵەتی کشانەوەکە بریتییە لە ڕۆژی هەینی 20ـی ئەم مانگە.
هەر بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، بەرپرسی هێزەکانی سوپای قودسی ئێران، ئیسماعیل قائانی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی بەغدای کردووە بۆ نێوەندگیری. بەڵام ئەم هەواڵە لەلایەن سەرچاوەی فەرمییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
کەتائیبی حزبوڵا تۆمەتەکانی قاچاخچێتیی نەوتی ڕەتکردووەتەوە و بە لێدوانی توند، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە گەندەڵی تۆمەتبار کردووە و هەڵمەتەکەی بە هەوڵێکی زەخت و هەڕەشەی سیاسی ناوبردووە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو گرووپە نزیکەی هەشت هەزار چەکداری لە پارێزگا جیاوازەکانەوە بەرەو جورف ئەلسەخر جووڵاندووە، پێش ئەوەی لێژنەی حکومی بگاتە ناوچەکە.
عەلی زەیدی لە کاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە، کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لەوانە کەتائیبی حزبوڵای کردووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتەکەی.
مۆڵەتی سەرەتایی کۆکردنەوەی هەموو چەکەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، کە بۆ 30ـی نۆی 2026 دیاری کرابوو، دواتر بۆ مانگی شەشی 2027 دواخرا.
بڕیاری نوێی حکومەت بۆ پاراستنی بۆرییەکانی نەوت
لە نوێترین هەنگاودا، عەلی ئەزەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی داوە پۆلیسی وزە بەرپرسیارێتیی پاراستنی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە جورف ئەلسەخر وەربگرێت.
ڕۆژی چوارشەممە، زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لێژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئاسایشی کرد، کە تێیدا چەند بڕیارێک بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان دران.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە پۆلیسی وزە بەرپرسیارێتیی پاراستنی بۆرییەکانی نەوت لە جورف ئەلسەخر وەربگرێت و ئەو هێزەی ئێستا لە ناوچەکە جێگیرە، بە هێزێکی دیکە بگۆڕدرێت کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دیاری دەکرێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە تەواوکردنی گواستنەوەی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و مسۆگەرکردنی مانەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا کرایەوە.