ترامپ و پوتن دوای ساڵێک لە چین یەکتر دەبینن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ڕۆژی چوارشەممە، 18ـی یازدەی 2026، لە شاری شێنجێنی چین بۆ یەکەم جار لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەیپێک)ـدا پێکەوە دەرکەوتن.

ئەمە یەکەم دیداری ڕووبەڕووی سەرۆک ترامپ و سەرۆک پوتنە لە دوای کۆبوونەوەکەیان لە ئەلاسکا لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو.

بە گوێرەی کۆشکی سپی، دوو سەرۆکەکە "بە گەرمی سڵاویان لە یەکدی کرد."

ئەم دیدارە پێش ئاهەنگی پێشوازیی فەرمیی سەرکردەکانی ئەیپێک بەڕێوەچوو، کە شی جینپینگ و هاوسەرەکەی، پێنگ لییوان، میوانداریی دەکەن.

سێ سەرۆکەکە سەرەتا سڵاویان لەیەکتر کرد و دواتر لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی ئەیپێک بۆ وێنەیەکی بەکۆمەڵ وەستان.

لە کاتی گرتنی وێنەکەدا، شی داوای لە پوتن کرد لە تەنیشت هاوسەرەکەی بوەستێت و ترامپیش لە تەنیشت خۆی بوو.

سەردانی ترامپ بۆ شێنجێن، کە یەکێکە لە ناوەندە گەورەکانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای چین، وەک یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمەریکا بۆ ئەو شارە دادەنرێت. سەرۆک شی بە شێوەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لە سەرۆک ترامپ کرد.

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەی دوولایەنەی ترامپ و شی، یەکەم کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان سەرکردەکانی ئەمەریکا، چین و ڕووسیا بەڕێوەبچێت.

بەپێی کۆشکی سپی، کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان و دۆزینەوەی ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران، لە ئامانجە سەرەکییەکانی واشنتنن لە گفتوگۆکاندا.

پەکین ئامانجی ئەم گفتوگۆیانەی بە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە "ئاشتیی جیهانی" ناوبردووە.

XS
SM
MD
LG