ئۆکراینا لە شەوی ڕابردوودا هێرشی فراوانی درۆنی ئەنجام دا، کە بە گوتەی ڕووسیا گەورەترین هێرشی لەم جۆرە بووە لە سەرەتای شەڕەکەوە. لە هێرشەکەدا ئەو پردە کرایە ئامانج کە ڕووسیا بە نیمچەدوورگەی داگیرکراوی کرایمیا دەبەستێتەوە. هاوکات، هێرشەکانی ڕووسیاش ڕۆژی دووشەممە بوونە مایەی کوژرانی سێ هاوڵاتی مەدەنی لە ئۆکراینا.
وەزیری بەرگریی ڕووسیا وتی کە بەرگریی ئاسمانیی هەزار و 336 درۆنی ئۆکراینای لە 16 هەرێم و هەروەها لە کرایمیا و دەریای رەش و ئازۆڤدا خستووەتە خوارەوە.
ئۆکراینا دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشی سەر پردەکە نەدا.
لە باشوری ڕووسیا، دەستەڵاتە خۆجێیەکان وتیان کە شەش کەس لە هەرێمی کراسنۆدار برینداربوون کە پاڵاوگەی نەوتی ئیلسکی لێیە و ئۆکراینا چەندین جار بەئامانجی گرتووە. هەروەها درۆنەکان سێ کەسیان لە شاری ئازۆڤ بریندارکردووە، ئەمە بە وتەی یوری سلیوزاری پارێزگاری هەرێمی ڕۆستۆڤ.
ڤلۆدیمێر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرایناش ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئۆکراینا بوونەتە مایەی خاپورکردنی نیوە زیاتری توانای پاڵاوتنی نەوتی ڕووسیا، ئەم بانگەشەیەشی نەتوانرا بەشێوەیەکی بێلایەنانە پشتراست بکرێتەوە.
هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا
دیمیترۆ بریژنسکی، بەڕێوەبەری سەربازی شاری چێرنهیڤ، لە تێلیگرام نوسیویەتی، "دوژمن هێرشی کردووەتە سەر دوو دامەزراوە" لە شارەکە. ئەوەشی نوسیوە کە هێرشەکە بووەتە مایەی کوژرانی دوو کەس.
لە شاری زاپۆرژیا، بەگوێرەی وتەی داواکارانی گشتی، درۆنێکی ڕووسیایی ژنێکی 64 ساڵی کوشتووە و دوو کەسیشی لە گەڕەکی خۆرتیچسکی شارەکە بریندارکردووە. میخایلۆ سێمیکنی، بەڕێوەبەری کاتی هەرێمەکە، وتی کە هێرشەکە بووەتە مایەی خاپورکردنی پێگەیەکی ژێرخان و زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکان، هەروەها پردی پریۆبراژێنسکی لە شارەکە بەتەواوەتی داخراوە.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ئاسایشی ئەتۆمیی کە نمایندەی 38 وڵات دەکەن، لە نێویاندا هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە هۆشدارییان دا لەوەی کە مەترسی ڕووداوی ئەتۆمیی لە ئۆکراینا ئەم زستانە لە هەڵکشاندایە لەکاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لەسەر پێکانی تۆڕەکانی کارەبا. پێر ستراند، کە سەرۆکی دەستەی ئەو بەرپرسانەیە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "ڕوونە کە زۆرترین مەترسی ئەم زستانە ڕووداوێکی ئەتۆمییە."
زلێنسکی: ئەمەریکا بیرۆکەی ناتۆی لەبەرامبەر دۆنباس باسکرد
بەردەوامی هێرشەکانی هەردوو لا هاوکاتە لەگەڵ وادەی گفتوگۆی سێ قۆڵی ئەمەریکا و ئۆکراینا و ڕووسیا کە هەفتەی ڕابردوو لە ئەبوزەبی ساز درا پێش کۆبونەوەی سێقۆڵیی نێوان سەرکردەکانی ئەمەریکا و چیین و ڕووسیا کە ئەم هەفتەیە لە شاری شینجن لە چیین بەڕێوە دەچێت.
لە وادەی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەوانان، کە نوسینگەکەی ئەم شەممەیە بڵاویانکردەوە، سەرۆکی ئۆکراینا وتوویەتی کە دانوسانکارانی ئەمەریکایی ئەو پرسیارە نوێیەیان لە ئەبوزەبی خستۆتەڕوو: "ئەی چی دەبێت ئەگەر ئۆکراینا بچێتە ناتۆ؟ ئایا ئۆکراینا لە دۆنباس دەکشێتەوە؟"
وتی هێشتاش کیێڤ واز لە خاکەکەی ناهێنێت. بەڵام زلێنسکی وتی کە دەنگدانێکی نیشتمانی لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامبدرێت، ئەگەر ئۆکراینا گەرەنتی ئاسایشی پێ بدرێت، ڕێگاریش بۆ هێشتنەوەی سوپایەکی بەهێز و بودجە بۆ دابینکراو، و پارەش بۆ بونیاتنانەوە دابینبکرێت.
جێرید کوشنەر، نێردەی ئەمەریکا و زاوای سەرۆک ترامپ، ڕۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، هەرچەندە هەردوو لایەن بە ئاشکرا هەڵوێستی "داواکاریی زۆرترین ئیمتیاز"ـیان گرتووەتەبەر، بەڵام لە کۆبوونەوەی نهێنیدا هەردووکیان "تێدەگەن کە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە، پێویستە سازش و ڕێککەوتنی کردەیی بکەن."
کوشنەر نوسیویشیەتی، "کاری ڕژد و بونیاتنەر بەردەوامە لەلای ئەوانەمان کە پابەندین بە دۆزینەوە چارەسەر."
پاش کۆبونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆک ڕووسیا لە مۆسکۆ و ڤلۆدیمێر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا لە دبلن لە ڕۆژی پێنجشەممە، کوشنەر لە ئێکس نوسیویەتی کە دانوسانکارانی ئەمەریکا "بەرەوپێشچوونی ماناداریان بەدیهێناوە لە تێگەیشتن لە بابەتەکانی جێی بایەخی هەردوولا، دەستنیشاکردنی ئەگەری چارەسەرەکان، و داڕشتنی ڕێگەیەک بەرەو پێشەوە."
هەروەها وتوویەتی کە ڕاگرتنێکی درێژخایەنی شەڕ "پێویستی بە گەرەنتی ئاسایشی جێمتمانە، میکانیزمەکانی نەهێشتنی شەڕ، و پابەندبوونی دوولایەنە بە هێورکردنەوەی دۆخەکە هەیە." هەروەها نوسیویشیەتی، "جیاوازیی بەرچاو هێشتا ماون، بەڵام ئێمە خۆشحاڵین کە بەرەوپێشچوون هەبووە."
یەکێتی ئەوروپا: یەکەم شت ئاگربەستە
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کە ڕۆژی دووشەممە لە بروکسێل کۆبونەوە ئەو فشارەی ڕووسیایان ڕەتکردەوە کە دەخوازێت 'چوارچێوەی ئاسایشی ئەوروپا' یەکلاییبکاتەوە پێش کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
سەرۆکی سیاسەتیکاری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، کایا کالاس، پێش سەرۆکایەتیکردنی کۆبونەوەکە وتی "با لە ئێستادا وێنەکە لێڵ نەکەین، ئەوەی لە ئێستادا دەمانەوێت بیبینین ئاگربەستە. لەم ساتەدا ئەوە نابینین. ئەوەی کە دەیبینین بریتییە لەوەی ڕووسیا بەڕاستی گرژییەکان زیاد دەکات."
یۆهان ڤادفولی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیش وتی، "ئەوروپا پێکهاتەیەکی ئاسایشی هەیە. پێویستیمان بە یەکێکی نوێ نیە."
لە لایەکی ترەوە، جان-نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، وتی سزا نوێیەکانی ئەوروپا کە ڕۆژی دووشەممە پەسەندکران، 145 کەس و دامەزراوە دەگرێتەوە لەنێویاندا نزیکەی 50 بانکی ڕووسیایی و تاتیانا کیم کە سەرۆکی گەورەترین بازاڕی ڕووسیایە بەناوی وایەڵدبێریز.
لە لوتکەیەکدا لە دبلنی پایتەختی کۆماری ئێرلەندا هەفتەی ڕابردوو، سەرکردە ئەوروپاییەکان ڕاوێژکاری ئاسایشییان لە پێنج وڵات هەڵبژارد، لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵۆنیا. هەروەها بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپاشیان دەستنیشان کرد بۆ پێکهێنانی تیمی ئەوروپایی بۆ دانوساندنەکانی ئاشتی لە داهاتوودا.