نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە لە بەیروت ڕایگەیاند هیچ وڵاتێک ناتوانێت دوو سوپای هەبێت و پێویستە حزبوڵا خۆبەخشانە هەموو چەکەکانی ڕادەستی سوپای لوبنان بکاتەوە.
مایک واڵتز، لە بەیروت ڕایگەیاند، "پێموایە پێویستە ئەم پەیامە بە دەنگی بەرز و ڕوون بگات کە دەبێت یەکپارچەیی خاکی لوبنان و سەروەری وڵاتەکە بە تەواوی بگەڕێندرێتەوە و میکانیزمی گەیشتن بەو ئامانجەش لە ڕێگەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەوە بەدی دێت."
ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی ئەمەریکا ستایشی هەموو سەربازە لوبنانییەکانی کرد کە هەنگاو دەنێن بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان و هاونیشتمانیانیان و یەکپارچەیی خاک و و سەروەری لوبنان، وتی ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
پاشان مایک واڵتز ڕووی لە حزبوڵا و پشتیوانە ئێرانییەکانی وتی، "هیچ وڵاتێک ناتوانێت دوو سوپای هەبێت، هیوام وایە حزبوڵا چەک بکرێت و دەبێت خۆبەخشانە ئەو کارە بکەن."
حزبوڵا کە لە زنجیرەیەک شەڕدا لەگەڵ ئیسرائیل تێوەگلاوە، لەژێر فشاردایە بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە داماڵینی چەک. تاکە گرووپی چەکداری لوبنانییە کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆیی لە ساڵی 1990، واتە زیاتر لە 35 ساڵ لەمەوبەر، ڕەتیکردووەتەوە چەکەکانی دابنێت.
ئەو گرووپە کە تاران پاڵپشتیی دەکات دوو لقی هەیە، لقێکی سیاسی و لقی سەربازی. لقی سیاسی پارتەکە دەسەڵات و کاریگەرییەکی زۆری لە گۆڕەپانی سیاسی لوبناندا هەیە و تەنانەت لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا ئامادەیە.
یەکێتی ئەوروپا باڵی سەربازی حزبوڵا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت. بەڵام ئەمەریکا و ئیسرائیل تەواوی ئەو ڕێکخراوەیان خستووەتە لیستی تیرۆریستییەوە.
دیپلۆماتکاری باڵای ئەمەریکا داوای چەکداماڵینی خۆبەخشانەی حزبوڵای لوبنان دەکات