ڕۆژنامە و میدیاکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە سێیەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکا گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرپرسێکی ئەمەریکا بە کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یۆ ئێس ئێس تیودۆر ڕۆزڤێڵت (USS Theodore Roosevelt) ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا.
کەشتییەکە پەیوەست دەبێت بە دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری دیکە کە بریتین لە کەشتیی یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دبلیو بوش و یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن کە لە دەریای عەرەبی کاردەکەن.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەواڵەکەی بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا کە ناوی نەهێنراوە، پشتڕاستکردووەتەوە.
هەروەها ڕۆژنامەی ناشناڵ و باراک ڕاوید پەیامنێری ئەکسیۆسیش هەواڵەکەیان لای خۆیان بڵاوکردووەتەوە و ڕاوید نووسیویەتی بەرپرسێکی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاندووە ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە گەیشتووەتە ناوچەی ئۆپراسیۆنی سێنتکۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناردنی ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە هێشتا ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی دەبێتەوە. ئێران ڕۆژی یەکشەممە بانگەشەی ئەوەی کرد هێرشی بە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کردووە بۆ سەر بەحرەینی هاوپەیمانی ئەمەریکا کە دەکرێت یەکەم هێرش بێت بۆ سەر ئەو وڵاتەی کەنداوە لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە.
بەپرسێکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بەنیازە لەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدا لەگەڵ هاوتا چینی و ڕوسییەکەی 'شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتن' دەربارەی شەڕی ئێران گفتوگۆ بکات.
گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە چەقبەستوویی ماونەتەوە و هەردوولا بەردەوام هۆشداری دەدەن بە یەکتری سەبارەت بە دۆخەکە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار ڕایگەیاندووە دراوسێکانی ئێران پێیان باشترە درێژە بە گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامی و گوشارەکانی سەر تاران بدەن.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران و گەمارۆی دەریایی ئەو وڵاتە ئەوەندە کاریگەر بووە کە ئەمەریکا لە ئێستادا پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ نەماوە.
سێنتکۆم ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێکدا نووسیویەتی "وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا لە کەنداو تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیار و 700 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان لە تەنگەی هورمز گواستووەتەوە.