وەزیری گواستنەوە بەڵێنی دۆزینەوەی "ڕیشەی هۆکاری" ڕاگرتنی فڕۆکەوانیی دەدات

شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە حکومەت دەیەوێت دڵنیابێت لە "ڕیشەی هۆکاری" ئەو کێشەیەی بووە مایەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییە مەندەییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا پێش ئەوەی چارەسەری بەرفراوان لە سیستەمی کۆنترۆڵی فڕۆکەوانی ئەنجامبدات.

بەگوێرە ووتەکانی شۆن دەفی، بەرپرسان شیکاری کارکردنی دوو ڕاوتەریان کردووە کە لەم هەفتانەی دواییدا لە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەوانیی فیدڕاڵی لە ویلایەتی ئاڕکنسا و تەکساس دامەزرێنراون. دەفی لە پێنج بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت و هەوڵەکانی بۆ گوشارخستنە سەر کۆنگرێس زیادکرد بۆ خەرجکردنی بلیۆنان دۆلار بەمەبەستی دانانەی سیستەمی نوێی پەیوەندیکردن لە بواری فڕۆکەوانیدا کە چەندین دەیەیە پشتگوێخراوە.

دەفی بووەتە رووکاری بەڕێوەبەرایەتی ترامپ و هەوڵی دڵنیاکردنەوەی گەشتیاران دەدات لەوەی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە ئەمەریکا سەلامەتە و ئۆپراسیۆنەکان گەڕاونەتەوە باری ئاسایی خۆیان، لەدوای ڕاگرتنە چەند کاتژمێرییەکەی رۆژی هەینی.

ئەمانەش لە کاتێکدا دێن کە کۆتایی ئەم مانگە ئەمەریکا جەژنی سوپاسگوزاری دەگێڕێت، کە یەکێکە لە پڕ گەشتترین بۆنەکانی ساڵ و چاوەڕوان دەکرێت ملیۆنان کەس لە ئەمەریکا گەشتی ئاسمانیی بکەن بۆ بەسەربردنی ئەو جەژنە لەگەڵ کەسوکاریان.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەش سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەستیکردووە بە هەوڵەکان بۆ دانانی سیستەمی نوێی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەوانی و نوسیویەتی کە ئەو کارە نابێت بە "چکە چکە" ئەنجام بدرێت.

ساڵی پار کۆنگرێسی کۆنترۆڵکراو لەلایەن کۆمارییەکانەوە گوژەمەیەکی 12.5 ملیار دۆلاریی بۆ بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەوانیی فیدراڵی تەرخانکرد، بەڵام شۆن دەفی وەها وەسفی ئەو بڕە پارەیەیکرد کە "پێدانی پێشەکییەك" بێت بۆ گۆڕینی تەواوەتی سیستەمەکە.

ترامپ نوسیویەتی "ئەگەر کۆنگرێس ئەو پارەیە تەرخانبکات کە زۆر پێویستمانە، ئەوا دەتوانین بە خێرایی و کاریگەرانە بونیاتی بنێین." هەروەها نوسیویشیەتی "دەبێتە باشترین سیستەم لە هەموو جیهاندا." ترامپ لەبارەی سیستەمەکەی ئێستاوە نوسیویەتی "زۆربەی سیستەمی کۆنترۆڵی فڕۆکەوانیمان 50 ساڵ تەمەنیەتی."

لە پۆستێکی دیکەیدا ترامپ لۆمەی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی جۆو بایدنی کردووە بەوەی کە "سیستەمێکی کۆن و پەککەوتووی لەوە خراپترکرد کە پێشتر هەبووە."

بەگوێرەی ئاژانسی فڕۆکەوانی، سەرۆک بایدن یاسایەکی زەبەلاحی ژێرخانی لە یەکەم ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا واژۆکرد کە بڕی 25 ملیار دۆلاری تەرخانکردبوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەوانیی فیدراڵی بۆ باشترکردنی فڕۆکەخانەکان و تاوەرەکانی کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانیی و نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکان و "گۆڕینی بناغەی" سیستەمی کۆنترۆڵی فڕۆکەوانی.

شۆن دەفی لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکاندا وتی "من ناتوانم داوای لێبوردن بکەم لەوەی کە بۆمان ماوەتەوە. و ناشتوانم لۆمەی کۆماریی یاخود دیموکراتەکان بکەم لەبەرئەوەی هەموومان بووین. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ 20 بۆ 30 ساڵ لە نەبوونی وەبەرهێنانکردن."

دەفی دەڵێت ئامێرە نوێیەکان ئامادەن "سبەی" دابنرێن ئەگەر پارە دابینبکرێت

دەفی لە پۆستێکیدا لە ئێکس نوسیویەتی کە کۆمپانیای ئێل 3 هاریس تەکنۆلۆجیز دوو ڕاوتەرەکەی ئەو دوو پێگەیەی لەلایە و سەرقاڵی "وردبوونەوەی قوڵ"ی ئامێرەکانە بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکە. باسی لەوەشکرد کە کێشەکە کاتێک دروستبوو کە ئەو کۆمپانیایە خەریکی گۆڕینی وایەرێکی مس بووە بۆ فایبەر، بەوەش سیستەمەکە راوەستاوە.

بە هاتنی ڕۆژی دوو شەممە گەشتەکان ئاسایی دەبنەوە

دەفی بە خەڵکیشی ڕاگەیاند "چاوەڕوانین بە کۆتایی ئەمڕۆ و هاتنی سبەی بەیانی دووشەممە، تواناکانی بەتەواوەتی بگەڕێنەوە باری پێشوویان." هەروەها وتیشی "باش بەرەوپێش دەچین."

XS
SM
MD
LG