بۆ یەکەمین جار بڕیارە سەرۆک ترامپ و پوتن و شی جینپینگ لە لووتکەیەکی سێ قۆڵیدا کۆببنەوە

کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جینپینگ، یەکەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە لووتکەیەکدا لە چین ئەنجام دەدەن.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئۆلیڤیا وەیڵز بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەر سێ سەرۆکەکە لە پەراوێزی لووتکەی هاوکاریی ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن لە شاری شینژێنی باشووری چین کۆدەبنەوە.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەرۆک ترامپ دەیەوێت لە دانوستانە سێ قۆڵییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا باس لە کەمکردنەوەی جبەخانە ئەتۆمییەکان بکات و بڕیارە پرسی جەنگەکەی لەگەڵ ئێرانیشدا بهێنێتە بەرباس.

وەیڵز گوتی '' سەرۆک ڕوونی کردووەتەوە کە لە نێو بابەتەکانی دیکەدا، گفتوگۆ لەسەر کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا دەکات. سەرۆک ترامپ پێی وایە بڵاوبوونەوەی ئەم چەکە زۆر مەترسیدارە.''

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت '' پێم وایە سەرۆک بەنیازە لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەدا لەگەڵ شی جینپینگ و ڤلادیمیر پوتندا باس لە ئێران بکات.''

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشدا کە واشنتن '' ڕێڕەوێکی تەواو جیاوازی '' دانوستانی لەگەڵ کیێڤ و مۆسکۆدا هەیە بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو گفتوگۆیانەی کە نێردەکانی ئەمەریکا لەم ڕۆژانەی دواییدا لەگەڵ پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا ئەنجامییان داوە. گوتیشی '' چین بە ڕاستی بەشێک نیە لەو ڕێڕەوە، بۆیە گونجاو نیە لەوێ گفتوگۆ لەسەر ئۆکرانیا بکرێت.''

هەروەها سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی چین ئەنجام دەدات، کە ئەمە دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوەی نێوانییان لەوەتەی سەرۆک ترامپ گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا پلانی نیە گفتوگۆ لەسەر کۆتوبەندەکانی هەناردەکردنی تەکنەلۆجیای چیپە هەستیارەکان بکات، بەرپرسێکی دیکە لەو بارەیەوە گوتی '' ئێمە دانوستان لەسەر کۆتوبەندەکانی هەناردەکردنی ئەمەریکا ناکەین. ئەمانە پرسی ئاسایشی نیشتیمانین کە لە ناو بەڕێوبەرایەتییەکەدا دایاندەڕێژین و چاوەڕوان ناکەین بە هیچ شێوەیەک لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ چینییەکان باس بکرێن.''

بەرپرسان ئاشکراشییان کردووە کە ئیلۆن مەسکی خاوەنی کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، یاوەری سەرۆک ترامپ دەکات لە گەشتەکەیدا بۆ چین، بەڵام بەشداری لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شی و پوتندا ناکات.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە سەرۆک ترامپ واشنتن جێبهێڵێت و ڕۆژی سێشەممە بگاتە فیلیپین بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا '' ئاسیان ''، پێش ئەوەی بەرەو شاری شینزێنی چین بەڕێبکەوێت.


XS
SM
MD
LG