تورکیا و قەتەر ڕێککەوتنی بەرگریی واژۆ دەکەن

نووسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی 13ـی ئەم مانگە تورکیا و قەتەر ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کردووە. ڕێککەوتنەکە لە میانەی کۆبوونەوەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر لە ئیستەنبوڵ واژۆ کراوە.

سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە ئەردۆغان جەختی لە بەردەوامی هاوکاریی هەردوو وڵات کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ شەڕ لە ناوچەی کەنداو و ڕێگەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و ئاشتی.

لە بەیاننامەکەدا وردەکاری لەبارەی مەرجەکانی ڕێککەوتنە نوێیەکەی بەرگرییەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام سەرۆکایەتی تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە ڕایگەیاندووە ئەنکەرە و دۆحە هاوکاری خۆیان لە بواری وزە پەرەپێدەدەن و هاوکارییە پیشەسازییەکانی بەرگریش فراوانتر دەبن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێککەوتنی بەرگری کە لە نێوان تورکیا و قەتەر واژۆ کراوە ڕەهەندێکی نوێ بۆ پەیوەندییە نزیکەکان و هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاد دەکات.

ڕێککەوتنەکە لە دۆخێکدا واژۆ دەکرێت کە تورکیا و سعودیە و پاکستان لە مانگی هەشتی ئەمساڵ ڕێککەوتنێکی هاوبەشی بەرگرییان لە مەککە واژۆکرد. پەرلەمانی تورکیا هەفتەی ڕابردوو ڕێککەوتنەکەی پەسەند کرد و ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ئەنکەرە پاڵپشتی سەربازی بۆ سعودیە بنێرێت.

بەپێی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و سعودیە و پاکستان، هێرشکردنە سەر هەر یەکێک لە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە بە هێرش بۆ سەر هەموو لایەنەکان دادەنرێت. ئەم هاوکارییە لە دۆخێکدا پێکهاتووە کە سعودیە لە یەمەنەوە ڕووبەڕووی هێرشی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ئێران بووەتەوە.

XS
SM
MD
LG