ئەکسیۆس: سەرۆکی مۆساد بۆ گفتوگۆ لەسەر شەڕی ئێران دەگاتە واشنتن

ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی هەینی بڵاویکردووەتەوە کە ڕۆمان گۆفمەن، بەرپرسی هەواڵگریی مۆساد، گەشتی بۆ واشنتن کردووە بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەرێوبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ.

ئاکسیۆس دەڵێت ئەم گەشتە لە کاتێکدایە کە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵ دەدات دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕازی بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، گۆفمەن کە بە یەکێک لە نزیکترین کەسە متمانەپێکراوەکانی نەتانیاهو دادەنرێت، لەگەڵ جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، کۆدەبێتەوە. هەروەها یەکێک لە سەرچاوەکان ڕایگەیاندووە کە بڕیارە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری کۆشکی سپی، کۆببێتەوە.

مۆساد، سی ئای ئەی و کۆشکی سپی ڕەتیانکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو گەشتە بدەن.

ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە کە ترامپ تا ئێستا بەرەنگاری گوشارەکانی نەتانیاهو بووەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕەکە و پێی باشترە بەردەوام بێت لە گەمارۆی دەریایی و فشارە ئابورییەکانی سەر ئێران.

ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند سعودیە، قەتەر، کوێت، ئیمارات و بەحرەین دەیانەوێت دۆخی ئێستا بەردەوام بێت و پێیان باشە کاتێکی زیاتر بە ئێران بدرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی، "هەموویان زۆر پێیان باشترە کە ماوەیەک چاوەڕوانی بکرێت. ... بۆیە داوایان لێ کردووم وا بکەم. ... دڵنیا نیم کە لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام."

سەرچاوەکانی ئەکسیۆس باس لەوە دەکەن کە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی نەتانیاهو هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران دەستپێبکات بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی ڕکابەرە سیاسییەکەی، گادی ئایزنکۆت، بۆ پێکهێنانی حکومەت یان هەنگاونان بۆ ئەوەی ئێران بوروژێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG