ڕووداوێکی تەقەکردن لە واشنتن کوژراوێک و چوار برینداری لێکەوتەوە

پۆلیس لە واشنتنی پایتەخت ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنجامی تەقەکردنێک لە هۆڵێکی وەرزشکردن لە نزیک کۆشکی سپی، کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکە بریندار بوون. دوای تەقەکردنەکە، چەکدارەکە پەنای بۆ بینایەکی نیشتەجێبوون برد و لە کاتی گەمارۆدانی لەلایەن پۆلیسەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی فۆکس نیوز و چەند میدیایەکی دیکەی ئەمەریکا، تەقەکردنەکە بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن لە هۆڵی وەرزشی ڤیدا فیتنەس لە گەڕەکی لۆگان سێرکڵ ڕوویداوە، کە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک لە کۆشکی سپییەوە دوورە.

پۆلیس ڕایگەیاند، هێزەکانی نزیکەی 30 چرکە دوای وەرگرتنی یەکەم پەیوەندیی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمێکیان لە ناو هۆڵەکەدا دۆزییەوە. چوار کەسی دیکەش لە دەوروبەری بیناکە بەر گوللە کەوتبوون و بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.

بەپێی لێدوانی پۆلیس، دۆخی تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان مەترسیدارە، بەڵام سێ کەسەکەی دیکە مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.

دوای تەقەکردنەکە، هێرشبەرەکە پەنای بۆ شوقەیەک لە نهۆمی حەوتەمی بینایەکی نیشتەجێبوونی نزیک شوێنی ڕووداوەکە بردووە. هێزە تایبەتەکانی پۆلیس بیناکەیان گەمارۆ دا و تیمی دانوستانکاری پۆلیس بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ چەکدارەکە. لە کاتی دانوستانەکاندا، دەنگی چەند تەقەیەک لە ناو شوقەکەوە بیسترا. دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە ناو شوقەکە، چەکدارەکەیان دۆزییەوە کە بەر گوللە کەوتبوو. ڕاپۆرتەکانی دواتر ئاماژەیان بەوە داوە کە چەکدارەکە خۆی کوشتووە.

پۆلیس دەڵێت، لەوانەیە هێرشبەرەکە دانیشتووی هەمان بینا و ئەندامی هۆڵە وەرزشییەکە بووبێت.

دەسەڵاتداران هەروەها لێکۆڵینەوە لەو ئەگەرە دەکەن کە شیانی هەیە هۆکاری ڕووداوەکە بەهۆی ناکۆکی کەسەکە لەگەڵ ئەنجومەنی خاوەن موڵکەکانی بیناکە بووبێت.

پۆلیس شەقامەکانی دەوروبەری شوێنی ڕووداوەکەی داخست و قوتابخانەکانی نزیک ناوچەکەش خرانە دۆخی ئامادەباشییەوە.

دەزگای فیدراڵیی لێکۆڵینەوە، ئێف بی ئای، و دەزگای کۆنترۆڵکردنی کحول، تووتن، چەک و تەقەمەنییەکانی ئەمەریکاش بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد.

میوریەل باوسەر، سەرۆکی شارەوانی واشنتن، ڕووداوەکەی بە "توندوتیژییەکی بێمانای چەکداری" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە کۆشکی سپی لە دوایین پێشهاتەکانی ڕووداوەکە ئاگادار دەکرێتەوە.

بەرپرسانی پۆلیس هێشتا ناسنامەی هێرشبەرەکە و قوربانییەکانیان ئاشکرا نەکردووە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی پاڵنەری ڕاستەقینەی تەقەکردنەکە بەردەوامن.

XS
SM
MD
LG