وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا وەڵامی دەنگۆی گواستنەوەی وەزیر بێسێنت بۆ بنکەیەکی سەربازیی بەهۆی هەڕەشەی ئێرانەوە دەداتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت بە هەڕەشەکانی ئێران "سارد نابێتەوە و پاشەکشە ناکات،" ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێکی میدیایی دێت کە ئاماژەیان بەوە دابوو بێسێنت بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و بە مەبەستی پاراستنی پارێزراویی گیانی بۆ بنکەیەکی سەربازیی گواستراوەتەوە.

وتەبێژێکی وەزارەتی گەنجینە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بێسێنت ''پابەندە بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی و بەردەوامبوونی گەمارۆکان، کە پێکەوە خەریکن ئابووریی ئێران دادەڕمێنن.''

ڕۆژی سێشەممە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی نەناسراو بڵاویکردەوە کە وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت لە ماڵەکەی خۆی لە واشنتنی پایتەختەوە بۆ بنکەیەکی سەربازیی گواستراوەتەوە لە پێناو پارێزراوییدا، ئەمەش بەهۆی هەڕەشە گومانلێکراوەکانی ئێرانەوە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە گواستنەوەکە پەیوەندی بەو هەڕەشانەوە هەیە کە ئاڕاستەی بێسێنت کراون و پلانەکانی ئێران بۆ بە ئامانجکردنی بەرپرسانی ئەمەریکا چوونەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخەکە، ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕاپۆرتێکی پێشووتریدا شوێنی نیشتەجێبوونی بێسێنتی ئاشکرا کردووە، بەو پێیەی ڕۆژنامەکە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا هەواڵێکی سەبارەت بە کڕینی کۆشکێک لەلایەن بێسێنتەوە لە واشنتن بڵاوکردبووەوە.

ئەو سەرچاوەیە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، ''دوای ئەوەی واڵ ستریت جۆرناڵ وتارێکی بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی تێدابوو و ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی جوگرافییەوە شوێنی ماڵەکەی وەزیر لە ناوچەی جۆرجتاون دەستنیشان بکرێت، نیگەرانییە ئاسایشییەکان زیادییان کرد. ئەمەش ئێستا وەزیری ناچار کردووە لە پێناو پارێزراویی خۆیدا بگوازرێتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازیی.'' جەختیشی لەوە کردەوە کە ''میدیاکان ئەرکێکییان لەسەرشانە کە بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکان دژی بەرپرسانی گشتی، بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن.''

بێسێنت سەرکردایەتی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا دژی ئێران دەکات، وەک بەشێک لە 'ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی' کە لە 24ـی مانگی هەشتدا دەستیپێکرد. بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە کە ئەم فشارە ئابوورییە هەوڵێکە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا.

ڕێوشوێنەکان سزادانی ئەو بانک، دامەزراوە دارایی، کۆمپانیا و کەسایەتییانە دەگرنەوە کە تۆمەتبارن بە دابینکردنی دەمارێکی ژیانی ئابووری بۆ ئێران بە مەبەستی هێشتنەوە و بەردەوامیدان بە ڕژێمەکەی.

هاوکات وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سێ کەسی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار کرد بە داڕشتنی پلان بۆ ئەنجامدانی نزیکەی 20 هێرشی تیرۆریستی یان هەوڵی ئەنجامدانی هێرش لە ئەمەریکا و ئەوروپادا، لەنێویاندا هێرشێکی پووچەڵکراوەی کۆتایی مانگی حەوت بۆ سەر بنکەی ڕاف فێرفۆردی بەڕیتانیایی کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمەریکاوە بەکاردەهات بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئێران.

باڵیۆزخانەی ئێران لە بەریتانیا لەو کاتەدا ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە و بە ''بێ بنەما '' ناویبردن.

بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ هیچ وەڵامێکیان سەبارەت بە هەڕەشە ئاماژەپێکراوەکانی دژی بێسێنت نەبووە.

XS
SM
MD
LG