سەرۆک ترامپ بەشداریی لە مەراسیمی ڕۆژی سەربازە دێرینەکانی ئەمەریکا کرد

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک ڕۆژی چوارشەممە بەشدارییان لە مەراسیمی ڕۆژی سەربازە دێرینەکان لە گۆڕستانی نیشتمانیی ئارلینگتن کرد و تاجە گوڵی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە قوربانیانی سوپای ئەمەریکا کرد.

دۆناڵد ترامپ گوتارێکی پێشکەش کرد و لە بارەی سەربازە دێرینەکانی سوپاوە گوتی، ''ڕۆشنکەرەوەی ڕێگامان و مەزنترین پاڵەوانەکانمانن.'' هەروەها گوتی کە ''لەو ڕۆژە ڕێز لە 250 ساڵ خزمەت و ئازایەتی و قوربانیدان دەگرێت.''

ترامپ هێرشی تیرۆرستیی بەیروتی لە ساڵی 1983 بەبیر هێنایەوە کە لە لایەن ڕێکخراوی حزبووڵای نزیک لە ئێران، کە لە لیستی گرووپە تیرۆرستەکانی ئەمەریکادایە، ئەنجام درابوو، تێیدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمەریکایی بوونە قوربانی.

یەکێک لە ڕزگاربووانی تەقینەوەکەی بەیروت، دەیڵ گاردنەر، کە لە مەراسیمەکەی ئەمڕۆدا ئامادە بوو، لە لایەن سەرۆکەوە ڕێزی لێ نرا. ئەمە هاوکات لەگەڵ ڕێزلێنان لە چەندین سەربازی دێرینی دیکە.

دیمەنی ڕێزلێنان لە جەنگاوەرە دێرینەکانی جەنگی جیهانی دووەم.
دیمەنی ڕێزلێنان لە جەنگاوەرە دێرینەکانی جەنگی جیهانی دووەم.

لە بارەی جەنگی ئێرانەوە، ترامپ ڕایگەیاند ئێران لە ساڵی 1979ـەوە جەنگی دژی ئەمەریکا بەرپا کردووە بەڵام ''ئێمە بەرەنگاریان بووینەوە و جەنگەکەمان بردەوە.''

هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمەریکا هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت.

ترامپ گوتی کە ئێرانییەکان پێویستیان بە 25 ساڵ هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بونیاد بنێنەوە و هیواخواز بوو کە پێویست بە وێرانکاریی زیاتر نەبێت لەو وڵاتەدا.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئەو 18 ئەمەریکاییەی بەبیر هێنایەوە کە لە جەنگی ئێراندا بوونە قوربانی و گوتی، ''ئەم ململانێیە بەم زووانە کۆتایی دێت و ئەمەش وا دەکات کە جیهان ئاساییشتر بێت.''

هەروەها لەسەر ڤەنزوێلا گوتی کە ''ئەمەریکا سەرکەوتنێکی ناوازەی بە دەستهێناوە و بەهۆی ئەمەش ملیۆنان بەرمیل نەوت لەو وڵاتە دێتە دەرەوە. چین و ڕووسیا ئەو وڵاتەیان جێ هێشت، بەڵام ئێمە لەوێین.''

مەراسیمی ڕۆژی سەربازە دێرینەکان لە ڕۆژی وەستانی شەڕ لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ساڵی 1919ـدا دەستیپێکردووە و لە ساڵی 1954ـدا سەرۆکی ئەوکاتە، دوایت ئایزنهاوەر، یاسایەکی واژۆ کرد کە مەراسیمەکەی گۆڕی بۆ ڕۆژی سەربازە دێرینەکان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دان بە خزمەتی سەربازی لە ئەمەریکادا بنرێت.

ئایزنهاوەر ئەوکات لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی، "لەو ڕۆژەدا با بە ڕێزەوە قوربانیدانی هەموو ئەو کەسانە یاد بکەینەوە کە بەو شێوەیە ئازایانە، لە دەریاکان، لە ئاسمان و کەنارەکانی دەرەوەدا شەڕیان کرد لە پێناوی پاراستنی میراتی ئازادیمان، و با خۆمان بۆ ئەرکی بەرەوپێشبردنی ئاشتییەکی بەردەوام تەرخان بکەین بۆ ئەوەی ئەوان ڕەنجبەخەسار نەبن."

XS
SM
MD
LG