ئەمەریکا سێ کەس بە پلانگێڕان بۆ هێرشکردنەسەر بنکەیەکی ئاسمانی بەریتانیا تۆمەتبار دەکات

وەزارەتی دادی ئەمەریکا تۆمەتی نوێی تیرۆریستی ئاڕاستەی سێ کەس کرد بەوەی پلانیان گێراوە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی بەریتانیایی کە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە بۆ لێدانی ئامانجەکان لە ئێران بەکارهێنراوە. لە نێوانیاندا کەسێک هەیە کە وەزارەتی دەرەوەی دەڵیت هەوڵی داوە پەیامی کۆدکراو لە ناو زیندانێکی نیویۆرکەوە بۆ هاوئاهەنگەکانی بنێرێت.

داواکارانی گشتی ڕایانگەیاند محەمەد باقر سەعدی، کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی – عێراقییە، پەیوەندییە تەلەفونییەکانی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی لە عێراق بەکارهێناوە بۆ هەوڵدان لە پێناو گواستنەوەی زانیاریی پەیوەندیدار بە پلانێکی گومانلێکراوی مانگی نۆوە لە بنکەی ئاسمانی ڕاف فێرفۆرد لە بەریتانیا.

سەعدی مانگی چوار دەستگیرکرا و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکایی کرا بەهۆی پەیوەندییەوە بە تۆمەتی دیکەوە، لەوانە کارکردن بۆ هەماهەنگیکردن و بەرەوپێشبردنی پڕوپاگەندەی هێرشەکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و شوێنەکانی کۆمەڵگەی جووەکان لە ئەمستردام، پاریس لەندەن و نیویۆرک.

داواکارانی گشتی ئاماژە بەوە دەکەن کە سەعدی فەرماندەیە لە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی و لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا کاری کردووە، کە ئەمەریکا هەردووکیانی وەکو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساندووە.

وەزیری دادی ئەمەریکا تۆد بلانچ لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، ''ئەو تۆمەتبارانەی لە تۆمەتنامەکەدا ناوییان هاتووە، هاوکاریی دوو ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانییان کردووە. گوایە سەعدی لە ڕۆژانی پێش هەوڵی پلانە تیرۆریستییەکەدا هەماهەنگی لەگەڵ تۆمەتبارەکانی دیکەدا کردووە. وەزارەتی داد لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە تیرۆریستییەکان و پاراستنی گەلی ئەمەریکا لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبێت.''

تۆمەتنامەکە ڕۆژی سێشەممە ئاشکرا کرا و ئاماژە بەوە دەدات کە سەعدی پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی باڵای سوپای پاسداراندا هەبووە و لە نزیکەوە لەگەڵ قاسم سولەیمانی سەرکردەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرکردەی پێشووی کەتیبەکانی حزبوڵادا کاریکردووە، پێش ئەوەی هەردووکیان لە ساڵی 2020ـدا لە هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکادا بکوژرێن.

داواکارانی گشتی دەڵێن سەعدی هەوڵی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی ئەو دوو کەسەی داوە، هانی بە ئامانجکردنی بەرپرسانی ئەمەریکاشی داوە.

ئەوانی دیکە کە تۆمەتبار کراون بریتین لە موحسین موهاجیری ئێرانی و موحەمەد عەلی حەسەنی عێراقی.

داواکارانی گشتی ڕایانگەیاندووە کە حەسەنی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە چاودێری دەوروبەری بنکەی ڕاف فێرفۆردییان کردووە و ڤان و سوتەمەنییان بۆ پلانەکەیان دابین کردووە. هەروەها لە پەیوەندیشدا بووە لەگەڵ ئەو کەسە گومانلێکراوانەی ڤانەکانیان بەرەو بنکەکە بردووە، لەو شەوەدا کە پۆلیس پێنج کەسی دەستگیرکرد و سێ ئوتومبێلی ڤان و بڕێک بەنزینی دۆزییەوە.

سەرۆکوەزیری بەریتانیا ئاندی بێرنهام لە ڕۆژانی دوای دەستگیرکردنەکاندا ڕایگەیاندبوو کە ''بە ئەگەری زۆرەوە'' ئێران لە پشت هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەکەوە بووە. لە بەرامبەردا ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بەریتانیا بە گشتی حەوت کەسی لە پەیوەندی بەو ڕووداوەوە دەستگیرکردووە، سەرجەمییان دواتر بە کەفالەت ئازادکران، بەڵام دواتر دووانیان دووبارە دەستگیرکرانەوە.

XS
SM
MD
LG