ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کتێبەکانی مێژوو لەنوێوە بنووسرێنەوە، چونکە شیکارێکی نوێی فۆسیڵێکی ناودار (بەبەردبوویەک) دەریدەخات کە ڕەچەڵەکی دێرینی خێزانی مرۆڤ زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە زانراوە.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە منداڵی تاونگ، کە یەکێکە لە هەرە گرنگترین بەبەردبووەکان کە تاوەکو ئێستا دۆزرابێتەوە، سەر بە جیهانێکی زۆر ئاڵۆزتری پێشینەکانی مرۆڤ بووە لەوەی زانایان پێشتر پێیان وابووە..
کەللەسەری ئەو منداڵە ساڵی 1924 لە ئەفەریقای باشور دۆزرایەوە و بووە یەکەم بەڵگەی بڕواپێهێنەر کە ڕەچەڵەکی مرۆڤایەتی لە ئەفەریقاوە سەریهەڵداوە نەوەک لە ئەوروپا و ئاسیا.
بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک، توێژەران ئەو بەبەردبووەیان وەک نمونەی یەکلاکەرەوە یاخود 'نمونەی جۆر' لە ئۆسترالەپسیکەس ئەفریکاناس دانابوو، کە یەکێکە لە خێزانە سەرەتاییەکانی جۆری هاوشێوەی مرۆڤ.
بەڵام ئێستا ئەو تیمە نێودەوڵەتییە گەیشتووتە ئەو دەرئەنجامەی کە بنچینەی پەرەسەندنی ئەو بەبەردبووە زۆر ئاڵۆزترە.
شیکارییەکەی ئەوان مێژووی بەبەردبووەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ 2.96 تاوەکو 3.03 ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا، ئەمەش دەریدەخات کە ئەو منداڵە لە قۆناغێکی بەکێشمەدا ژیاوە لەڕووی گۆڕانی ژینگەیی لە تەواوی بەشی باشوری کیشوەری ئەفەریقا.
گابریێل ماچۆ، مامۆستا لە زانکۆی ڤریجی لە برۆکسێلی پایتەختی بەلجیکا، سەرپەرشتی ئەو لێکۆڵینەوەی کردووە. لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بە دەرەنجامەکان دەڵێت، "بۆ ماوەی زیاد لە 100 ساڵ ئێمە وامان دانابوو کە منداڵی توانگ یەکێک بووە لە چەندین بەبەردبووی هاوشێوەی ئەو سەردەمە. بەڵام ئەم دۆزینەوانەمان ئەو تێگەیشتنە سەرەوژێر دەکەنەوە. خێزانی مرۆیی هێندە ڕێکوپێک نەبووە، وەک قەدێکی رێکی درەخت نەبووە، بەڵکو بێسەروبەر بووە، وەک دڕکەڵانی تێکئاڵاو کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاراستەی کردووە."
بەڵگەی نوێ دەریدەخەن کە منداڵی توانگ، کە یەکێکە لە هەرە گرنگترین بەبەردووەکان کە تاوەکو ئێستا دۆزرابیتەوە، سەر بە جیهانێکی ئاڵۆزی ڕەچەڵەکی سەرەتاییمان بووە.
توێژەران وردبوونەتەوە لە پێکهاتەی ددانەکانی منداڵەکە و بەراوردیانکردووە لەگەڵ کڵێشەی مێشک و گەشەی ددانی کەسوکاری دێرینی دیکەی مرۆڤدا. ئەنجامەکان گومانیان خستە سەر ئەو گریمانەیەی پێشوو کە کۆمەڵێک بەبەردبوویان دەستە هەمان کۆمەڵەوە و جۆرەوە.
توێژینەوەکە لەبری ئەوەی نیشان بدات کە منداڵی تاونگ سەر بە جۆرێکی هەڵە لە پێشینەکانی مرۆڤ دانراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە شیانی هەیە زانایان بۆ ماوەی چەندین دەیە بە هەڵە ژمارەیەکی زۆر لە فۆسیلەکانی دیکەیان لە هەمان جۆری منداڵی تاونگ پۆلێن کردبێت.
جیاوازییەکان لە گەشەکردنی مێشکدا بە تایبەتی بەرچاو بوون، ئەمەش وای لە تیمی توێژەران کردووە گومان بکەن کە لەوانەیە چەند جۆرێکی جیاواز لە پێشینەکانی مرۆڤ، یان لە هەمان سەردەمدا پێکەوە، یان یەک لە دوای یەک، لە ناوچە بەناوبانگەکەی ستێرکفۆنتەین ژیابن کە بەبەربووی منداڵی تاونگی لێ دۆزرایەوە.
ئەگەر ئەم ئەنجامە ڕاستبێت، بەو مانایە دێت کە ئەفەریقا لانکەی یەک تاکە ڕەچەڵەکی مرۆڤ نەبووە، بەڵکو کۆمەڵەیەک لە دەستەی لێکەوەنزیکی جۆراوجۆر هەبووە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئێن پی جەی پالەیەئیکۆسیستەمز بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتووە "دۆزینەوەی منداڵی توانگ خاڵی وەرچەرخانە لە بواری ئایلۆئەنترۆپلۆجیا (زانستی رەچەڵەکناسیی مرۆڤ) و گەڕان بەدوای بەبەردبووی هۆمنەن لە ئەفەریقا.
هەروەها لە گۆڤارەکەدا نوسراوە "سەرباری چەندین دۆزینەوەی هۆمنەنەنی سەردەمی پلایۆ-پلیستۆسین، بەتایبەت لە خۆرهەڵات و باشوری کیشوەری ئەفەریقا، پێگەی پەرەسەندنی منداڵی توانگ و پەیوەندی لەگەڵ پێشینەکانی دیکە بەناڕوونی ماوەتەوە."
بەگوێرە توێژەرەکان، گۆڕانی بەردەوامی بارودۆخی کەشوهەوا لەنێوان گەرمبوون و ساردبووندا وای کردووە ژینگەکە بگۆڕێت و بەردەوام گروپەکان لە یەکدی داببڕێت.
لەگەڵ فراوانبوون و تەسکبوونەوەی شوێنی ژیانکردن، خزمانی سەرەتاییمان کۆچیانکردووە، بوون بە ڕاوچی نوێ و خۆیان لەگەڵ نەخۆشییەکان گونجاندووە، و جار جارەش لەگەڵ گروپی دەرودراوسێ تێکەڵبوون.
پەرەسەندنی ئاڵۆزی مرۆڤ
55 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – یەکەم پرایممەیتی سەرەتایی پەرەی سەندووە
15 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – هۆمینەندای (ئەیپە گەورەکان) لە باوانی گیبنەوە پەرەیان سەندووە
8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – یەکەم گۆریلا پەرەیسەندووە. دواتریش ڕەچەڵەکی شەمپانزی و مرۆڤ جودابوونەتەوە
5.5 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – ئەردیپیسیکەس، 'لە مرۆڤچووی' سەرەتا خەسڵەتی هاوبەشی لەگەڵ شەمپانزی و گۆریلا هەیە
4 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر - مرۆڤی سەرەتایی لە ئەیپچوو، کە ناسراوە بە ئۆسترالۆپیسینس دەرکەوت. قەبارەی مێشکیان لە هی شەمپانزی گەورەتر نەبووە بەڵام خەسڵەتی زیاتری لەمرۆڤچوویان هەبووە.
3.9-2.9 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – ئۆسترالۆپیسیکەس ئەفریکانەس لە ئەفەریقا ژیاوە.
2.7 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – پارانسرۆپەس لەناو دارستان ژیاون و شەویلگی گەورەیان هەبووە بۆ جووین.
2.3 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – هۆمۆ هابیلەس سەرەتا وەها دەزانرا لە ئەفەریقا دەرکەوتووە
1.85 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – یەکەم دەستی "مۆدرێن" دەرکەوت
1.8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – هۆمۆ ئیرگاستەر لە تۆماری بەبەردبووەکاندا دەردەکەوێت
1.6 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر – تەوری دەستیی وەک یەکەم تەکنەلۆجیا دەردەکەوێت
800 هەزار ساڵ لەمەوبەر – مرۆڤی سەرەتایی کۆنترۆڵی ئاگرکردنەوە دەکەن و ئاگردان دروستدەکەن
400 هەزار ساڵ لەمەوبەر – یەکەم مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەردەکەوێت و لە ئەوروپا و ئاسیا بڵاودەبێتەوە
200 هەزار ساڵ لەمەوبەر – هۆمۆ سەیپیەن، مرۆڤی مۆدێرن، لە ئەفەریقا دەرکەوێت
40 هەزار ساڵ لەمەوبەر – مرۆڤی مۆدێرن دەگاتە ئەوروپا.