Accessibility links

سەردەمانێک داڵی زەبەلاح شای ئاسمان بوون و منداڵیان ڕفاندووە

دیمەنێکی دروستکراوی چاتجیپیتی.
دیمەنێکی دروستکراوی چاتجیپیتی.

نزیکەی 2.8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر منداڵێکی سێ ساڵان لە ئەفریقای باشور لەناو گژوگیای دەشتاییەکاندا بێباک لە دەوربەر گەڕاوە، لەپڕ داڵێکی گەورە داکشاوە بۆی و منداڵەکەی گرتووە و کوشتوویەتی.

ئەو منداڵە ناسراوە بە 'منداڵی تاونگ' نازانرێت چی کوشتیوویەتی، بەڵام ئەو کونەی لەناو چاڵی چاوەکانیدایە لە شوێنی چنگی داڵ دەچن کە بەوە ناسراون بەم جۆرە ڕاو دەکەن و زۆرجار بەشێک لە نێچیرەکەیان لەسەر درەختێک جێدەهێڵن و بەشەکەی دیکەی دەبەنەوە بۆ هێلانەکەیان.

'منداڵی تاونگ' کەللەسەری بەردبووی (فۆسیلی) منداڵێکی پێشینی مرۆڤە کە ساڵی 1924 لە ناوچەی تاونگ لە وڵاتی ئەفریقای باشور دۆزرایەوە.

بە پێی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی، ئەو کەللەسەرە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 2 ملیۆن و 800 هەزار ساڵ لەمەوبەر. یەکێکە لە بەڵگە سەرەکییەکانی ئەوەی پێشینەکانی مرۆڤ لە ئەفریقا پەرەیان سەندووە، و لە وێوە توانای ڕۆیشتن بەسەر دوو پێیاندا بۆ پەیدابووە و مێشکیان گەورە بووە. ئەم منداڵە، کە تەمەنی نزیکەی سێ بۆ چوار ساڵ بووە کاتێک گیانی لەدەست داوە، سەر بە جۆرێک لە پێشینەکانی مرۆڤە بە ناوی ئۆسترالۆپیتێکۆس ئەفریکانۆس.

زانایان لە کاتی پشکنینی فۆسیلی کەللەسەری منداڵەکەدا، چەند کونێکی بچووک و شکاوییان دۆزیوەتەوە، کە هاوشێوەی ئەو کونانەن کە هەڵۆکان بە چنگ و نووکیان لە کاتی ڕاوکردندا لەسەر کەللەسەری نێچیرەکانیان دروستی دەکەن.

توێژەران بۆ دڵنیابوونەوە لەم گریمانەیە، کەللەسەری منداڵەکەیان بەراورد کردووە بە ئێسکی ئەو مەیموونانەی کە لەلایەن هەڵۆ تاجدارە ئەفریقاییەکانەوە ڕاو کراون. ئەنجامی بەراوردەکە نیشانی داوە کە شوێنی کونەکان، شکاوییەکان و شێوازی زیانگەیشتن بە ئێسکەکان هاوشێوەن، ئەمەش پشتگیری لەو گریمانەیە دەکات کە هەڵۆیەکی گەورە بە چنگەکانی کەللەسەری منداڵەکەی گرتووە و هێرشی کردووەتە سەری. بەڵام زانایان هێشتا ناتوانن بە دڵنیاییەوە بڵێن کە ئەم هێرشە هۆکاری مردنی منداڵەکە بووە.

ئایا ئەو باڵندە گەورانە لە کوێوە هاتوون

کاتێک 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بەهۆی نەیزەکێک داینەسۆڕەکان لەناوچوون، ئاسمانەکان بە تۆزوخۆڵ و پاشماوە داپۆشران و زۆربەی ڕووەکەکان لەناوچوون. لەو کاتەدا ئەو ئاژەڵانەی لە ڕووداوەکەدا ڕزگاریان بوو، شتێکی کەم وەک سەرچاوەی خۆراک مابووەوە بۆیان، و تۆوی ڕووەک سەرچاوەی سەرەکی خۆراک بوو، ئەمەش بۆ خۆراکی باڵندەکان گونجاو بوو.

هەروەها کەمێک لەو باڵندە دەنوکدارە بچووکانەی کە توانای فڕینیان نەبوو، دوای ڕووداوەکە مەترسی ڕاووکردنیان لەسەر نەما چوونکە نێچیروانەکانیان لەناوچوون. ئەو باڵندانە توانیان لەگەڵ تێپەڕینی کات قەبارەیان زەبەلاح بێت.

هەندێک لەو باڵندانە ڕووەک خۆربوون، وەک باڵندەی درۆمۆرینسیدای زەبەلاحی ئوستورالیا کە ناوی بە 'شەیتانە مراوی وێرانکەر' دەرکردووە، کە شێوەی لە مراوی ئێستا چووە بەڵام 100 هێندە بووە. هەندێک لەو باڵندانە پەرەیان سەند و فڕیین و بوونە نێرچیروانی زەبەلاح و ئەو بۆشاییەیان پڕکردەوە. یەکێکی تر لە نموونەکانیان باڵندەیەکی کۆنە بە ناوی Pelagornis sandersi، کە فۆسیلەکەی لە ویلایەتی کارۆلینای باشووری ئەمەریکا دۆزراوەتەوە و بە گەورەترین باڵندەی فڕیو لە مێژوودا دادەنرێت. درێژیی نێوان دوو سەری باڵەکانی ئەم باڵندەیە نزیکەی 7 مەتر بووە.

هەندێک لە باڵندە زەبەلاحەکانی ڕابردوو سەدان جار کێشیان لە مانگا زیاتر بووە.
هەندێک لە باڵندە زەبەلاحەکانی ڕابردوو سەدان جار کێشیان لە مانگا زیاتر بووە.

زانایان پێیان وایە بۆ ملیۆنان ساڵ ئەو باڵندە ڕاوکەرە گەورانە مەترسییان بۆ پێشینەکانی مرۆڤ دروست کردووە، بە تایبەتی بۆ منداڵان.

باڵندە زەبەلاحە دەریاییەکانی خێزانی پێلاگۆرنیس بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ملیۆن ساڵ لەسەر زەوی ژیاون، بەڵام نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر نەمانیان هاتووە. هۆکاری وردی لەناوچوونیان هێشتا ڕوون نییە، هەرچەندە گۆڕانی ژینگە و سەرچاوەکانی خۆراک لە هۆکارە ئەگەرییەکانن.

هەڵۆ تاجدارە ئەفریقییەکان، کە هێشتا لە دارستانەکانی ئەفریقا دەژین، لە بەهێزترین باڵندە ڕاوکەرەکانی جیهانن و دەتوانن مەیموون و ئاژەڵی مامناوەند ڕاو بکەن. ئایا منداڵی مرۆڤیش وەک نێچیر دەبینن؟ توێژەران دەڵێن ئەمە زۆر دەگمەنە، بەڵام مەحاڵ نییە. ڕاپۆرتێکی مێژوویی لە کینیا ئاماژە بە گومان لە کوشتنی منداڵێکی چوار ساڵان لەلایەن هەڵۆیەکی تاجدارەوە دەکات، هەرچەندە ئەو ڕووداوە بە شێوەیەکی زانستی پشتڕاست نەکراوەتەوە. هەروەها چەند هێرشێکی دەگمەنی ئەم هەڵۆیانە بۆ سەر مرۆڤ تۆمار کراوە، بەڵام ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە کە منداڵانی مرۆڤ بەشێکی ئاسایی لە خۆراکیان بن.

بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سود لە زانیارییەکانی بابەتێکی ماڵپەڕی بی بی سی وەرگیراوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG