تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا ، داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کۆتایی بە ناکۆکییە "بنەماڵەیی" و "خێڵەکییەکان" بهێنن و جەختی کردووەتەوە کە هەڵوێستی واشنتن پشتیوانیکردنە لە یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان.
تۆم باراک ڕۆژی چوارشەممە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان وتی، "هەرێمی کوردستان، بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان، هەمیشە دۆستی گەورەی ئەمەریکا بوونە. ئەمە کێشە و بڕیارێکی عێراقییە، بڕیارێکی ئەمەریکایی نییە. ئامۆژگاریی من و ئامۆژگاریی سەرۆکیش ئەوەیە کە ئەم بابەتە تێپەڕێنن. نوکتە."
نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ عێراق ئەمەی ڕاگەیاند، لە کاتی قسەکردنیدا لە کۆنفرانسی دەستپێشخەری عێراق لە پەیمانگای چاتەم هاوس لە لەندەن، ڕۆژی 11ـی یازدەی 2026. ئامادەبووان لە کاردانەوە بە شێوەی دەربڕینەکەی تۆم باراک کەوتنە پێکەنینەوە.
تۆم باراک پرسەکەی بە "خێڵەکی" و "بنەماڵەیی" ناوبرد و ڕایگەیاند، "ناکرێت بگەڕێمەوە کۆنگرێس و باسی ئاڵۆزیی دەستووری عێراق و سنووربەندکردنی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی کارکردنی لەگەڵ بەغدا ڕوون بکەمەوە و ئنجا بڵێم، سەرەڕای ئەمانە هەمووی، زنجیرەیەک لە کێشەی بنەماڵەیی لەنێو هەرێمی کوردستاندا هەن کە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و نێودەوڵەتییەکان، کە سەرچاوەی داهاتن بۆ هەموو هەرێمەکە، دەخەنە بەر مەترسیەوە بەهۆی ئەوەی ئێستا ڕوودەدات."
تۆم باراک هێرشەکانی سەر کۆرمۆری بە نمونە هێنایەوە و وتی، "هێرشەکان بۆ سەر کۆرمۆر، بە نمونە، کە هێرشی زۆر خراپ بوون. هەموومان دەبێت سەرنجی بخەینە سەر و شێوەیەکی وەڵامدانەوەی بۆ بدۆزینەوە. بەڵام پێویستیمان بە یەکگرتوویی هەیە لە هەرێمەکە. یەکگرتووییمان هەر لەناو هەرێمی کوردستان پێویست نییە، بەڵکو لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش."
نێردەی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە واشنتن دەتوانێت ڕاوێژ و ناوبژیوانی پێشکەش بکات، بەڵام ناتوانێت ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
ڕاشیگەیاند، "ئێمە ناتوانین دەستێوەردان بکەین، بەڵام دەتوانین هانیان بدەین و یارمەتییان بدەین و ڕاوێژ و نێوەدگیری بکەین. بەڵام بە ڕاستگۆیی بڵێم، ئێستا کاتییەتی و دەرفەتێکی مەزنتان لەبەر دەمە؛ دەبێت کۆتایی بەو ناکۆکییە خێڵەکییانە بهێنن، دەنا بۆ سەدان ساڵی تر لەگەڵ خۆمانی بگوازینەوە. دڵنیام هەمووتان بێزاربوون لەمە، دڵنیام بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان لەمە بێزارن. دەزانم بەغدا لەمە بێزارە. بۆیە، ئامۆژگاری دروست و پیشەیی و فیکرییم برتیتییە لەوەی ئەمە تێپەڕێنن."
درەنگانی شەوی سێشەممەش تۆم باراک لە هەژمارەکەی لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، لەگەڵ دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی، و ئەحمەد موفتی، جێگری وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم، لە لەندەن کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان کردووە.
باراک لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "ئەمەریکا پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو دەکات کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی هەرێمەکە بێت."
نێردەی ئەمەریکا هەروەها جەختی کردەوە کە یەکگرتووییەکی بەردەوام تەنها لە ڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵات بۆ ئاستە خوارەوەکان، بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکان، پتەوکردنی دامەزراوەکان و بەرەوپێشبردنی شەفافیەتەوە دەتوانرێت بەدەستبێت.
ئەم لێدوانانەی نێردەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە کاتێکدا دێن کە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی نەیانتوانی بگەنە سازانێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.
ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، پارتی توانی بە بەشداری 52 پەرلەمانتار دانیشتنێکی پەرلەمان ڕێکبخات، کە تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا. کۆبووەوەکە بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هەڵوێست و نەوەی نوێ ئەنجام درا. ڕۆژێک دواتر، سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە دان بە دانیشتنەکە نانێن و وەک ئاماژەیەک بە ناوچەی دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند، "هەرچی ئێوە بیکەن لەوێ، ئێمەش لێرە دەیکەین؛ سەرۆکی هەرێم دادەنێن، ئێمە سەرۆکی هەرێم دادەنێین. وەزیر دادەنێن، وەزیر دادەنێین. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دادەنێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دادەنێین."