پێشنیاری لێپێچینەوە لە پیت هێگسێت بەهۆی دژایەتیی کۆمارییەکان ڕاگیرا

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگی کۆمارییەکان، پڕۆسەی لێپێچینەوەی لە پیت هێگسێت وەزیری جەنگی وڵاتەکەی ڕاگرت.

لە دەنگدانێکدا کە ڕۆژی سێشەممە 10ی مانگی یازدە ئەنجامدرا، 211 نوێنەر بەرامبەر بە 204 نوێنەر دەنگیان دا بۆ ڕێگری کردن لە پێشکەوتنی پڕۆژە یاسای لێپێچینەوە لە هێگسێت لە کۆنگرەی ئێستادا.

یازدە دیموکرات لە دەنگدانەکەدا ئامادەنەبوون.

تۆماس مەسی، نوێنەری کۆمارییەکان لە ویلایەتی کێنتاکییەوە، بەهۆی زنجیرەیەک کردەوەی وەزیری جەنگی ئەمەریکا، لەوان دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس، پڕۆژە یاساکەی پێشکەش کرد. ئەو تاکە کۆماری بوو کە دەنگی دا بۆ پڕۆژەی دەستپێکردنی لێپێچینەوەکە. هەروەها دیموکراتە ئامادەبووەکانیش لەگەڵیدا دەنگیان دا.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاردانەوە بە ئەنجامی دەنگدانەکە، شکستی پێشنیاری لێپێچینەوەکەی بە "شەرمەزارکەر" ناوبرد و وتی ئەنجامەکە بێتاوان ناساندنی نیشتمانپەروەرێکی گەورەی ئەمەریکا بوو.


ترامپ لە پۆستەکەیدا لە تروث سوشیاڵ نووسیویەتی "هەوڵی دیموکراتەکان بۆ لێپێچینەوە لە وەزیری جەنگ پیت هێگسێت بە شێوەیەکی شەرمەزارکەرانە شکستی هێنا! یەک بە یەکی کۆمارییەکان دەنگیان بە پیت دا، جگە لە تۆماس مەسی کە دۆڕاوێکی گەورە بوو". تۆماس مەسی، پەرلەمانتاری کۆمارییەکان داوای لێپێچینەوەی لە هێگسێت کردبوو.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی پەیامەکەی دا و بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ڤەنزوێلا و ئێران، نووسیویەتی "سەرکەوتن لە ڤەنزوێلا و ئێران، وەرگرتنی ژمارەیەکی پێوانەیی ئەندام بۆ سوپای ئەمەریکا لە مێژوودا و ڕۆحییەتێک کە پێشتر بە دەگمەن بینراوە، بووە هۆی بێتاوان ناساندنی نیشتمانپەروەرێکی گەورەی ئەمەریکایی."

میدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن ئەگەری زۆرە کاتێک کۆنگرەی نوێ دەست پێدەکات و دیموکراتەکان لە مانگی یەکدا دەست بەسەر ئەنجومەنی نوێنەراندا بگرن، جارێکی دیکە پێشنیاری لێپێچینەوە لە پیت هێگسێت بخرێتەوە بەرباس.

XS
SM
MD
LG