میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دوای هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ژیانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا،شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە واشنتن بەجێهێشتووە و گواستراوەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی سێشەممە 10ی مانگی یازدە بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پیلانەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا گەیشتوونەتە "ئاستێکی بەرز".
هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە، گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی سکات بەسێنتی پشتڕاستکردەوە.
ڕۆیتەرز هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەڵگەنامەیەکی بینیوە کە تیایدا بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری لە بەرێوبەرایەتی ترامپ لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا هۆشداری دابوو کە پلانەکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی کوشندە بۆ سەر کارمەندان و هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە "ئاستێکی بەرز"دایە.
بە پێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، هێشتا ڕوون نییە کە هەڕەشەکان بۆ سەر وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا چەندە جددی بوون. هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە توانای ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر خاکی ئەمەریکا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەم وڵاتە سنووردارە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە نیگەرانییە ئەمنییەکان سەبارەت بە سکات بەسێنت دوای ئەوەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ وێنەیەکی ئاسمانی کۆشکەکەی لە گەڕەکی جۆرج تاونی واشنتن بڵاوکردەوە، زیاتر بووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە وایکردووە بتوانرێت شوێنی وردی ماڵی بەسێنت دەستنیشان بکرێت و دوای ئەوەش بڕیار دراوە وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆی بگوازرێتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی.
لە وەڵامی ئەو هەواڵانەدا وتەبێژی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی " هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران کاریگەریان لەسەر وەزیر نییە و ئەو پابەندە بە جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی 'گۆشەگیرکردنی ئابووری' و پاراستنی گەمارۆی سەر ئێران. ئەو ڕێوشوێنانەی کە بوونەتە هۆی داڕمانی ئابووری ئێران."
میدیاکانی ئەمەریکا: بەسێنت دوای زیادبوونی هەڕەشەکانی حکومەتی ئێران گواسترایەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی