هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چۆن لە پەیامی واشنتن دەڕوانن؟

لێدوان و هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی واشنتن، جارێکی دیکە سەرنجیان ڕاکێشاوەتە سەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە کە "یەکگرتوویی بۆ حکومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان، پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر."

پەیامەکەی تۆم باراک لە وەڵامی پەیامێکی مەسرور بارزانی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ تۆم باراک گفتوگۆی کردووە و هەردوو لا لەسەر پێویستیی پاراستنی هێز و یەکگرتوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستووری عێراق هاوڕا بوون.

بارزانی ڕایگەیاند هەردوو لا هەروەها جەختیان لە پشتیوانی بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.

هەفتەی ڕابردووش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە واشنتن پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دەکات و هانی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەدات.

مەسعوود حەیدەر، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق، پێی وایە پەیامەکەی تۆم باراک "پەیامێکی سیاسیی ڕوونە" بۆ هەردوو پارتی سەرەکیی کوردستان، بۆ ئەوەی لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکبکەون.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسعود حەیدەر، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەسعوود حەیدەر بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "‌ێزی هەرێمی کوردستان و یەکگرتوویی دامەزراوەکانی بەشێکە لە هێز و سەقامگیریی عێراق، و ئەم پەیامە بانگ لە هێزەکانی کوردستان دەکات کە ناکۆکییەکانیان بخەنە پشتەوە و حکومەتێک پێکبهێنن کە لەسەر بنەمای هاوکاری و بەرپرسیارێتی بێت."

سەبارەت بە ڕۆڵی واشنتن لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و چۆنیەتیی ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان، ئەندامەکەی پارتی ڕایگەیاند، "ئەو ڕۆڵەی چاوەڕوان دەکرێت واشنتن بیگێڕێت، ئەوەیە لە لایەکەوە هانی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی کوردستان بدات و لە لایەکی دیکەوە پشتیوانی لە گفتوگۆیەکی جدی لەنێوان هەولێر و بەغدا بکات."

لە لایەکی دیکەوە، مەحمود خۆشناو، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێی وایە کە هێزی هەرێمی کوردستان لە یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان، خوێندنەوەیەکی دروستی دۆخی سیاسی و سیاسەتێکی سەرکەوتووی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدایە.

مەحمود خۆشناو بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە پەیامی تۆم باراک دەکرێت وەک "وەسفکردنی ڕاستییەک و لە هەمان کاتدا ئاگادارکردنەوەیەک" لێکبدرێتەوە.

مەحمود خۆشناو، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەحمود خۆشناو، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بە گوێرەی ئەو ئەندامەی یەکێتی، پەیامەکە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت هەرێمێکی بەهێز هەبێت، دەبێت یەکگرتوویی لە بڕیاردان، یەکگرتوویی لە هەڵوێست و میکانیزمی هاوکاری لەنێوان هێزە سیاسییەکان هەبێت.

مەحمود خۆشناو وتی، "هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی سەقامگیری و گەشەپێدان، هەرێم بەهێز دەکات، بەڵام هەر هەنگاوێک ببێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری، دووبەرەکیی سیاسی یان پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی، هەرێم لاواز دەکات."

ئەندامەکەی یەکێتی هەروەها داوای لە مەسرور بارزانی کرد لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا نەرمونیانیی زیاتر بنوێنێت.

مەحمود خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا چەندین هێزی سیاسی، وەک یەکێتی، نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، لە گۆڕەپانی سیاسی، واتە لە پەرلەماندا، ئامادە نین. ئەمەی بە نیشانەیەک لە دووبەرەکیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان باوبرد.

سەرەڕای ڕوونیی هەڵوێستی ئەمەریکا، سەرکەوتنی بانگەوازەکانی تۆم باراک و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هەر وابەستە دەبێت بە هەنگاوەکانی پارتە کوردییەکان بۆ ئەوەی چەمکی "یەکگرتوویی هەرێم" بکەنە ڕێککەوتنی کرداری لەسەر پێکهێنانی حکومەت، دابەشکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی پرسە ناکۆکەکان.

XS
SM
MD
LG