وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت سەرنج دەخەنە سەر تەنگەی هورمز و پشتیوانی لە ئۆکراینا

وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت ڕۆژی سێشەممە لە کۆتایی کۆبوونەوە دوو ڕۆژەییەکەیان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، سەرنجی سەرەکییان خستەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامبوونی پشتیوانییەکان لە ئۆکراینا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئاندری سیبیها ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکاندا دیبلۆماتکارانی ئاگادارکردووەتەوە لە دوایین پەرەسەندنەکانی مەیدانی جەنگ، هەوڵەکانی ئاشتی، سزاکانی سەر ڕووسیا و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردن و پاراستنی سیستمی وزەی ئۆکراینا لە وەرزی زستاندا.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی دا کە گفتوگۆکان هاوکات تیشکییان خستووەتە سەر ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی '' کەشتیگەلی ڕووسیا '' کە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان بەکاردەهێندرێن.

کۆبوونەوەی ئەبوزەبی

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا کۆبوونەوەیەکی جیای لەگەڵ سیبیهادا ئەنجام دا، کە ئەمەش لە کاتێکدا هات کە نوێنەرانی ئەمەریکا و ئۆکراینا و ڕووسیا دەستییان بە خولێکی دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکان کردووە لە شاری ئەبوزەبی.

ڕوبیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە لەگەڵ هاوتاکانییان لە کۆمەڵەی حەوت باسییان لە هەوڵەکانی ئاشتی کردووە و جەختی کردەوە کە '' کاری زۆر ماوە بکرێت'' تاوەکوو جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا دەگاتە کۆتایی. لە کاتێکدا هاوپەیمانە ئەوروپاییەکان جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریکردنییان لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا دەکەنەوە، ڕوبیۆ گوتی کە ئامانجەکە فراوانکردنی دانوستانەکانە بۆ ئەوەی ئەوروپاییەکانیش پێگەی خۆیان لەسەر مێزی گفتوگۆدا هەبێت.

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا یۆهان وادڤول لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، ''دەرگای دیبلۆماسی هێشتا کراوەیە،'' بەڵام ئەمە دەوەستێتە سەر ئەوەی ڕووسیا نیازی ڕاستەقینەی خۆی بۆ ئاشتی پیشان بدات.

پرسی ئێران و تەنگەی هورمز

سەبارەت بە پرسی ئێران، ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە دا کە دیبلۆماتکاران بە وردی باسییان لە بارودۆخی تەنگەی هورموز کردووە، کە ڕێڕەوێکی ئاویی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوت و کەرەستە بازرگانییەکان، لە دوای ئەو هێرشانەی کە لە مانگی دووەوە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە دژی تاران دەستییان پێکرد، کەشتییەکان لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی هێرشی ئێرانی بوونەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە گەمارۆی ئەمەریکا لەسەر ناردنی کەشتییەکانی ئێران لەو تەنگەیەدا و هەروەها سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا دژی ئێران، ''وێرانکاریی'' لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دروست کردووە. ڕوبیۆ ئەوەشی خستەڕوو کە فشاری ئابووری دژی ئێران بەردەوام دەبێت و گەورەتر دەبێت و لەبەر ئەم هۆکارە لە ئێستادا پێویست ناکات ئەمەریکا دەستوەردانی گەورەی سەربازیی ئەنجام بدات.

ڕوبیۆ لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریدا و گوتی، ''ئەوان پێویستییان بە پارەیە بۆ بەرنامەی ئەتۆمی. ئەوان پێویستییان بە پارەیە بۆ پشتیوانیکردن لە تیرۆر لە ڕووی داراییەوە. هەموو ئەو کارانەی لە جیهاندا دەیکەن، لە پشتیوانیکردن لە حەماس، حزبوڵا، گرووپە چەکدارییە شیعەکان، هەوڵەکانییان بۆ کوشتنی خەڵک لە سەرانسەری جیهان، چالاکییە ئەلیکترۆنیەکانیان و بەرنامەی ئەتۆمییان، هەموو ئەمانە تێچوویان هەیە. هەرچەندە پارەی کەمترییان لەبەردەستدا بێت، ئەوا پارەی کەمترییان بۆ دەست دەکەوێت بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییە خراپ و گوماناوییەکانییان.''

جێی ئاماژەیە ئەندامانی کۆمەڵەی حەوت پێکدێن لە وڵاتانی بەڕیتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمەریکا. هەروەها بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی پاریس، نوێنەرانی وڵاتانی ئۆکراینا، سعودیە، میسڕ، کۆریای باشوور و بەڕازیل بانگهێشت کرابوون.

XS
SM
MD
LG