ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا و توندبوونەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و هەردوو لایەنی ئەمەریکایی و ئێرانی باسی نزیکیی لێکتێگەییشتنێکی هاوبەش دەکەن بە نێوەندگیریی قەتەر.
هەروەها، دوای جۆرێک لە پاشەکشەی پاکستان لە گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، تورکیا ئێستا زیاتر باس لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکات.
پەیوەندی ململانێکە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە
دوای چەندین مانگ لە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران، هەندێک لە چاودێران دەڵێن وا پێ دەچێت کە هەردوو لایەن گەیشتبنە تێگەیشتنێک بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ.
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لەو بارەیەوە دەڵێت، '' ئێمە زۆر باش کار دەکەین و پێناچێت کردەوەی سەربازی ئیدی شتێکی زۆر پێویست بێت، بەڵام ئەگەر بارودۆخ بگۆڕێت ئێمە ئامادەین.'' هەروەها گوتی، ''ئێمە خەریکە بەرەو کۆتایی ئەم ململانێیە دەچین.''
ئەمەریکا بە قۆناغی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتیدا تێپەڕ بوو، کە تێیدا پارتی کۆماری زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی کۆنگرێسی لە بەرژەوەندیی دیموکراتەکان لە دەست دا. سەرۆک ترامپ و جێگرەکەشی ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە جەنگی ئێران و لێکەوتەکانی یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی دەنگەکانی ئەو پارتە بووە.
چاودێران پێیان وایە کە کەمکردنی دەنگی کۆمارییەکان و داننان بەوەی کە جەنگی ئێران کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەنگەکانیان هەبووە، ڕێگە بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترامپ خۆش دەکات بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لەو دۆسییەدا بکات.
سۆران تەرخانی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی هامپتن لە ویلایەتی ڤێرجینیا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە ''دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان کاریگەریی لەسەر ئیدارەی ترامپ دەبێت، بە تایبەت لەسەر شێوازی هەڵسوکەوتکردنی لەگەڵ مەلەفی ئێران.''
هەروەها مارک مێیرۆڤیتز، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە ماریتایم کۆلێج - زانکۆی ستەیتی نیویۆرک، لەو بارەیەوە گوتی، ''ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە لە دوو ساڵی داهاتووی ئیدارەکە چی ڕوو دەدات؟ ئێمە بەم قۆناغەی ئێستا دەڵێین لەیم دەک، کە کۆتا ماوەی کاری کۆنگرێسی پێشووە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ترامپ نییە چونکە ئەو زۆرینەی لە کۆنگرێسی نوێدا نابێت.''
دیموکراتەکان بە شێوەیەکی فەرمی لە ڕۆژی 3ـی مانگی یەکی ساڵی 2027 دەتوانن زۆرینەی کۆنگرێس لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بەکار بهێنن. ئەمەش کاتێکی دیاریکراو بە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا دەدات بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات و دەنگدەرانی کۆماری ئاشت بکاتەوە، کە وا پێ دەچێت دەستپێکی هەنگاوێکی لەم جۆرە لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و کەمکردنەوەی گوشاری سەربازی لەسەر ئەو وڵاتە دەست پێ بکات، بەو پێیەی کرانەوەی گەرووی هورمز بە تەواوەتی لە لایەن ئێرانەوە مەرجدار کراوە بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ئەو وڵاتە. ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی ئەمەریکایی، بە تایبەت نرخی بەنزین، دەبێت.
چاودێران دەڵێن ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ونبوونی کاریگەریی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە لەسەر داهاتووی گفتوگۆکان. ئیدی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێراندا یەکێک نییە لە دەنگوباسی ئەم ڕۆژانە، بەڵکوو ئاڕاستەی گفتوگۆکان و سەرنجەکان لەسەر پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران، ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانە.
بژاردەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران
دۆناڵد ترامپ لە ئێستادا بە گشتی لە بەردەم سێ بژاردە دایە: یەکەمیان ئەوەیە کە هێرش بۆ سەر ئێران بە چڕی دەستپێبکاتەوە، کە دیارە لە نوێترین لێدوانەکانیدا ئەوەی بە دوور زانی و پێشینە بە لێکتێگەییشتن دەدات.
ئیسماعیل بەقایی ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەوانانی گوت، ''سەبارەت بە دانوستانەکان، ئێمە هەڵوێستمان زۆر شەفاف و ڕوونە. پێشنیازەکەی ئێران، کە بە پلانی دوو ڕۆژەی ئێران ناسراوە، خۆی نیشاندانی ئەوپەڕی نیازپاکیی ئێرانە. ئایا دەمانتوانی لەمە بە شێوەیەکی گونجاوتر بیخەینە ڕوو؟''
بەگوێرەی بەرپرسانی ئێران، لە چوارچێوەی 'پلانی دوو ڕۆژەی ئێران'، گەرووی هورمز لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەکرێتەوە، ئەگەر ئەمەریکا لە ڕۆژی یەکەم لە هەموو بەرەکان شەڕ ڕابگرێت، گەمارۆیی دەریایی لاببات و پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکات.
بەڵام ئەگەر سەرنجی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بدەین، لەوانەیە ئەو دوو وڵاتە بە ئاسانی لەسەر ئەم پرسە نەگەنە لێکتێگەییشتنێکی هاوبەش، بەو پێیەی مارکۆ ڕوبیۆ داواکارییەکانی ئێرانی بە "نابەجێ" ناوبرد و گوتی، ''سەرۆک هەمیشە پێی باشە هەموو کێشەیەک بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەر بکات. بەداخەوە هەموو کات ئەوە بەرهەمدار نەبووە. چونکە داواکارییەکانی ئێران نەک هەر قبوڵکراو نین، بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا بێزارکەر و گاڵتەجاڕانە و نابەجێن.''
ئەمەش دەرگا بۆ بژاردەی دووەمی دۆناڵد ترامپ واڵا دەکات کە بەردەوامی بە گەمارۆکانی سەر ئێران بدات بەبێ ئەوەی هێرشی سەربازیی توند بکاتە سەر ئەو وڵاتە. هەرچەندە سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان لە زاری موجتەبا خامنەییەوە بە ڕاگەیاندنەکانی گوتووە کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ''خواستی بەردەوامیدانی بە نە جەنگ نە ئاشتی نییە،'' بەو واتایەی ئێران دەیەوێت ئەم پرسە یەکلایی ببێتەوە.
بژاردەی سێیەمی دۆناڵد ترامپ واژۆکردنی لێکتێگەییشتنێکی نوێیە لەگەڵ ئێران و بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو وڵات ئامادەییەکی لەم جۆرەیان هەبێت و هەندێک لە داخوازی و مەرجەکانیان بەرانبەر بە یەکدی کەم بکەنەوە. چاودێران دەڵێن بە گوێرەی دوایین پێشهاتەکان و بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی هەردوو وڵات، ئەم قۆناغە خەریکە دەبێتە دیفاکتۆ.
مارک مێیرۆڤیتز لەو بارەیەوە پێی وایە کە ئێرانییەکان داوای ئازادکردنی پارەکانیان دەکەن هەروەکوو ئەوەی کە لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ باراک ئۆباما کردیان و دواتریش بە بەڵێنەکانیانەوە پابەند نابن. "هەروەها دەزانن کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی IAEA پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئێرانییەکان سەرپێچییان لە ڕێنماییەکان کردووە. بۆ نموونە زانیاریی سەر ئامێرەکانیان لا بردبوو لە کاتێکدا دەبووایە ئەو ئامێرانە لە ژێر چاودێریی ڕێکخراوەکەدا بن.''
ڕۆڵی تورکیا لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەجەب ئەردۆغان گوتی کە لە چەندین پەیوەندی تەلەفۆنیدا داوای لە دۆناڵد ترامپ کردووە هێرشەکانی سەر ئێران دەست پێ نەکاتەوە. هەروەها ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا ناسراو بە میت ڕایگەیاندووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و موحسین ڕەزایی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانیی ئێران لە دۆحەی قەتەڕ کۆ دەبنەوە.
سەرباری ئەوەی کە زانیارییەکانی کاڵن لە لایەن ئەمەریکا و ئێرانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ڕۆڵی تورکیا سەرنجی زۆرێک لە توێژەرانی ڕاکێشاوە.
مارک مێیرۆڤیتز پێی وایە هۆکاری سەرەکیی ئەمە ئەوەیە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا دەیەوێت خۆی وەکوو بەدیهێنەری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بناسێنێت.
بەڵام سۆران تەرخانی هۆکاری چالاکبوونی تورکیا دەگێڕێتەوە بۆ سێ خاڵی سەرەکی: یەکەم، دۆخی ئابووریی تورکیا کە پێویستی بە بازرگانیکردنە لەگەڵ هەردوو ئێران و عێراق؛ دووەم، پاراستنی پێگەی سووریا کە تورکیا خوازیارە بە هەر شێوەیەک بێت مۆدێلی سووریا کە دەستکردی خۆیەتی سەرکەوتوو بێت؛ سێیەم، پرسی کورد.
تەرخانی پێی وابوو "هەر گۆڕانکارییەک لە ئێراندا گۆڕانکاری لە دۆخی کوردانی ئەو وڵاتە دێنێتە ئاراوە. ئەمەش شتێکە کە تورکیا هیوای بۆ ناخوازێت و نایەوێت ڕوو بدات، چونکە زۆرترین ژمارەی کوردانی جیهان لە تورکیادا دەژین و تورکەکان ترسی ئەوەیان هەیە کە کوردانی تورکیاش داوای مافی زیاتر بکەن."
چەند هەفتەی داهاتوو بۆ دۆسیەی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران گرنگ دەبن. سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆسییەکان دەرگا بە ڕووی لێکتێگەییشتنی زیاتر لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر هەوڵەکان نەگەنە ئەنجام، ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکان هێشتا کراوەیە. بە واتایەکی دیکە جەنگی ئەم دوو وڵاتە تەنیا خۆی لە بواری سەربازیدا نابینێتەوە، بەڵکوو لە ئێستادا سەرکردایەتیی ئەمەریکا وەکوو هەڵسەنگاندێک بۆ بارودۆخی ناوخۆ سەیری دەکات و ئێرانییەکانیش دەخوازن بە ڕزگارکردنی سیستەمەکەیان لێی دەربچن. هەروەها ئەنجامەکانی ئەم جەنگە کاریگەریی ڕوون و ئاشکرای لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و پرسی کوردیش دەبێت.