وەزیری جەنگی ئەمەریکا پێت هێگسێس ڕۆژی سێشەممە هەوڵەکانی بۆ ئیمپیچکردنی بە ''نمایشێکی سیاسیی'' ناوبرد و بەرگری لە ئۆپەراسیۆنە ''یاساییە'' سەربازییەکان دژی ئێران کرد.
ئیمپیچکردن پرۆسەیەکی فەرمییە لە ئەمەریکا کە تێیدا دەزگای یاسادانان، وەک کۆنگرێس، لێپێچینەوە لە بەرپرسێکی حکومی دەکات بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردارێکی نایاسایی یان هەڵسوکەوتی نادروست. ئیمپیچکردن بە مانای لەکارلابردنی دەستبەجێی بەرپرسەکە نایەت، بەڵکو یەکەم هەنگاوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دادگایی، کە لەوانەیە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی لەکارلابردنی یاخود نا.
هێگسێس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن ڕایگەیاند، ''هیچ وەزیرێکی بەرگری لە مێژوودا لەسەر جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی یاسایی ئیمپیچ نەکراوە. لە دۆسییەکەی ئێمەشدا ئەوانە ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو بوون.''
لێدوانەکەی هێگسێس وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەوەی کە ڕۆژی دووشەممە، تۆماس مەیسی، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری لە ویلایەتی کنتاکی، هەشت ماددەی بۆ ئیمپیچکردنی وەزیری جەنگ خستەڕوو و تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی گەورە و سەرپێچیی خستە پاڵی.
ماددە پێشکەشکراوەکان هێگسێس بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرێس جەنگی دژی ئێران بەرپا کردووە، دەسەڵاتەکانی پۆستەکەی خراپ بەکارهێناوە، هەروەها گوایە تۆمەتبارە بە کوشتنی نایاسایی لە ڕێگەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە لە دەریای کاریبی و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن دژی گومانلێکراوانی ماددە هۆشبەرەکان کە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردبوو.
مەیسی ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی سێشەممە دەرفەتی دەبێت دەنگدانێکی ڕێکاریی لەسەر ئەم بڕیارنامەیە ئەنجام بدات. جێگەی ئاماژەیە، مەیسی لە چەند پرسێکدا لەوانە دۆسییەکانی ئێپستین و قەیرانی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترامپ تووشی ناکۆکی بووە و لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا کۆنگرێس بەجێدەهێڵێت.
هەروەها ماددەکان تۆمەتی دیکەش لەخۆ دەگرن، لەوانە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ڤەنزوێلا لە سەرەتای ئەم ساڵدا کە تێیدا نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە دەستگیرکرا، و لە بڕگەکاندا بە ''ڕفاندن'' ناوبراوە.
هێگسێس لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا جەختی کردەوە کە ئەم هەوڵانە تەنیا لەسەر بنەمای ''ناکۆکی سیاسیی'' دروستبوون و گوتی، "ئەوەی ئەندامێکی تووڕە و دۆڕاوی کۆنگرێس هەوڵی بۆ دەدات چاودێری نییە، بەڵکو بە نمایشێکی سیاسی و مانیفێستۆیەکی کەسی دادەنرێت کە هەست و ڕق و کینە بەڕێوەی دەبات."
هێگسێس گوتیشی، ''ئەمە کاتی کۆتایی هاتنی تەمەنی یاسادانانی ئەندامێکی کۆنگرێسە کە دەیەوێت لە دوا ڕۆژەکانیدا لە کۆنگرێس زیان بەم سەرۆکە بگەیەنێت. ئەمە تەنیا فێڵبازیکردن و نمایشێکی گاڵتەجاڕانەیە و هەموو کەسێکیش ئەم ڕاستییە دەزانێت.''
لەو دەق و ماددە یاساییانەی کە پێشکەشکراون سەبارەت بە پیت هێگسێسی وەزیری جەنگی ئەمەریکا، هاتووە دەڵێت، ''بەم ڕەفتار و کارانە، وەزیری بەرگری پیتەر هێگسێس سەلماندوویەتی که ئەگەر لە پۆستەکەی خۆیدا بمێنێتەوە، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دەستوور، و بە شێوازێک ڕەفتاری کردووە کە بە تەواوی لەگەڵ ئەركە فەرمییەکانی و سەروەریی یاسادا ناگونجێت.'' لە کۆتایی ماددەکاندا هاتووە، ''لەبەر ئەم هۆکارانە، پیتەر بڕایان هێگسێس شایستەی ئیمپیچکردن و دادگاییکردن، لەکارلادان لە پۆستەکەی، بێبەشکردنە لە وەرگرتن یان بەڕێوەبردنی هەر پۆستێکی ڕێزلێگراو، متمانەپێکراو یان قازانجدار لەژێر چەتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا.''
ئەم ناکۆکییە قوڵە یاسایی و سیاسییە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارنامەی دەسەڵاتەکانی جەنگ لە ساڵی 1973 کە سەرۆکی ئەمەریکا پابەند دەکات بەوەی بۆ هەر ململانێ و جەنگێک کە هێزەکانی ئەمەریکا تێیدا بەشداربن و ماوەکەی لە 60 ڕۆژ تێپەڕ بکات، دەبێت ڕەزامەندیی کۆنگرێس بەدەستبهێنێت، لەگەڵ مافدان بە سەرۆک کە داوای درێژکردنەوەیەکی 30 ڕۆژە بکات بۆ کشاندنەوەی هێزەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە 1ـی مانگی پێنجدا کۆنگرێسی ئاگادار کردبووەوە کە ئاگربەستی 8ـی مانگی چوار لەگەڵ ئێراندا کۆتایی بە بارگرژییە سەربازییەکان لەگەڵ تاراندا هێناوە. هەروەها پێنتاگۆنیش چەند هێرشێکی سنوورداری وەکو کردەوەیەک لە خوار ئاستی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی گەورەی شەڕ لە قەڵەم داوە. ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ململانێکان لەگەڵ ئێراندا ''لە ڕووی سەربازییەوە بە تەواوی کۆتایی هاتووە.''
هێگسێس هەوڵەکانی بۆ لە کارلادانی بە هەوڵێکی تری ئیمپیچکردنی سەرۆک ترامپ ناوبرد کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی پێشوویدا دوو جار ڕووبەڕووی بووەوە؛ یەکەمجار لە مانگی دوانزەی ساڵی 2019ـدا و دووەمجاریش لە مانگی یەکی ساڵی 2021ـدا، تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی کۆشکی سپی جێبھێڵێت. لە هەردوو جارەکەدا هەوڵەکان لە ئەنجومەنی سینات سەرکەوتوو نەبوون، چونکە نەگەیشتن بە ڕێژەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان کە پێویست بوو.
هێگسێس لەو بارەیەوە گوتی، ''لە هەردوو جارەکەدا شکستیان خوارد. ئەو بەهێزتر گەڕایەوە و گەلی ئەمەریکا دیسانەوە ناردییەوە بۆ کۆشکی سپی. ئێستاش بۆ جاری سێیەم هەوڵ دەدەن، بەڵام ئەمجارەیان دژی ئەندامێکی کابینەکەی. ئەوان سەرلەنوێ تووشی شکست دەبنەوە.''