بەرپرسانی عێراق ڕێگرییان لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەک لە بەسڕە کرد کە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێرانی هەڵگرتبوو، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی لە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا کە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتووەتەوە. بەهۆی ئەم بڕیارەوە، ئەندامانی تیمەکە ناچار بوون گەشتەکەیان بگۆڕن و لە ڕێگەی وشکانییەوە بێنە خاکی عێراق.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی فڕۆکەخانەی بەسڕەوە بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێڕاق ڕەزامەندیی نیشتنەوەی بە فڕۆکەکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران نەداوە، هۆکارەکەشی بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمەریکا گەڕاندووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێک لە کونسوڵخانەی ئێران لە بەسڕە ڕایگەیاند کە ئەو فڕۆکەیەی تیمەکەی هەڵگرتبوو گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و لە فڕۆکەخانەی ئابادان لە پارێزگای خوزستان نیشتووەتەوە. لەوێشەوە ئەندامانی تیمەکە بەرەو دەروازەی سنووری عێراق بەڕێکەوتوون.
ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوزی عێراقیش ڕایگەیاند کە ئەندامانی هەڵبژاردەی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی شەلامچەوە، دوای نیشتنەوەیان لە ئابادان، هاتنە ناو پارێزگای بەسڕەوە.
مەبەستی سەردانەکە و هەڕەشەی سزاکانی ئەمەریکا
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکدا لەگەڵ هەلبژاردەکانی عێراق، لوبنان و فەڵەستین سەردانی بەسڕەی کردووە. بڕیارە ئەم پاڵەوانێتییە لە ڕۆژی هەینی دەستپێبکات و لە ڕۆژی شەممەدا ئێران ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی فەڵەستین ببێتەوە.
بەرپرسێکی فڕۆکەوانی عێراق بە ڕۆیتەرزی گوت کە حکومەتی عێراق ناتوانێت مەترسیی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا دژی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە ئەستۆبگرێت.
ئەم ڕێکارە توندەی بەغدا لە کاتێکدایە کە وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئەو فڕۆکەخانانەی خزمەتگوزاری بۆ هێڵە ئاسمانییە سزادراوەکانی ئێران دابین بکەن، ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە، لەوانەش بێبەشبوون لە دەستگەیشتن بە سیستەمی دارایی لەسەر بنەمای دۆلاری ئەمەریکایی.