تۆم باراک: یەکگرتوویی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز پایەیەکی گرنگە بۆ عێراقێکی بەهێز

تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا، لە پەیامێکی کورتدا جەختی لەسەر یەکگرتوویی هەرێمێکی کوردستانی "بەهێز" کردەوە .

باراک ئەم لێدوانەی لە سەر پەیامێکی مەسرور بارزانی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاو کردەوە.

بارزانی لە پەیامەکەیدا ئێوارەی دووشەممە لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی داوە کە دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئێوارە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ تۆم باراک گفتوگۆی کردووە.

بەپێی مەسرور بارزانی، هەردوو لا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هەرێمی کوردستان "بەهێز و یەکگرتوو" بمێنێتەوە؛ هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.

تۆم باراک لەسەر ئەو پەیامەی مەسرور بارزانی نوسیویەتی، "یەکگرتوویی بۆ بوونی حکومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان، پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی عێراقێکی بەهێز و سەقامگیرە."

ئەمە لە کاتێکدایە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابردووەوە بە ئەندازەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و یەکێتی کشانەوەی لە حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند و هەڕەشەی دانانی حکومەتێکی سەربەخۆی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کرد.

هەروەها میدیاکانی سەر بە یەکێتی و نەوەی نوێ ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند ئەو دوو لایەنە لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لەسەر کۆبوونەوەکەی چوارشەممەی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە دادگاکە دەکەن.

XS
SM
MD
LG