کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکراینا لە ئیمارات دەست پێدەکات

کۆبوونەوەی بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیری ئەمەریکا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی چوار ساڵ و نیوەی نێوان هەردوو وڵات ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەبوزەبی دەستیپێکرد.

ئەمە یەکەم دانوستانی گرنگی نێوان هەردوو وڵاتە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا.

جەرێد کوشنەر، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا و زاوای سەرۆک ترامپ لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند واشنتن هیوادارە پەیوەندی ئەمنی گونجاو لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا و ئەورووپا دابمەزرێنێت، "بۆ ئەوەی نەک تەنها بتوانین کۆتایی بەم شەڕە بهێنین، بەڵکو بتوانین چوارچێوەیەکی نوێ و لێکتێگەیشتن دروست بکەین و ئاشتی بۆ دەیان ساڵ ئەگەر بۆ سەدەیەکیش نەبێت، مسۆگەر بکەین."

هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکاش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات.

لە وتاری سەرەتاییدا، نێردەی باڵای ئۆکرانیا ڕوستەم عومەرۆڤ ڕایگەیاند کیێڤ سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی گەرەنتی ئەمنی و ئاشتی بەردەوامە.

هەروەها ڤلادیمێر مێدینسکی سەرۆکی شاندی ڕووسیا ڕایگەیاند مۆسکۆ بە هیوای پێشکەوتنە بەرەو ئاشتی بۆ بەرژەوەندی گەلانی هەردوو وڵات.

گەورەترین شەڕی ئەورووپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە مانگی دووی ساڵی 2022 بە هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە دەستیپێکرد.

پێش کۆبوونەوەی سەرەکی، ئۆکراینییەکان بە جیا لەگەڵ نوێنەرانی ئەورووپا و ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا و دوو نێردەی ئەمەریکا کۆبوونەتەوە.

فەرەنسا ڕایگەیاند بە بێ سەرنجدان بە ئاسایشی ئەورووپا، ئاشتییەکی درێژخایەن لە ئۆکراینا ڕوونادات و هەر ئەمەش وادەکات ئەورووپا بەشدار بێت لە پڕۆسەکاندا.

پێشتر ڕووسیا ڕایگەیاندبوو ئەورووپاییەکان نابێت بەشدار بن لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ ئۆکراینا و ئەمەریکا.

هاوکات ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا نووسیویەتی بەشێک لە پێشنیارەکەی بەرێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ لە کۆبوونەوەکەدا بریتی بووە لە خستنەڕووی نەخشەڕێگایەکی ئەمنی درێژخایەنی نوێی نێوان ڕووسیا و ئەورووپا.

پێشڕەوییەکانی ڕووسیا کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵکردووە، ئەمساڵ تاڕادەیەکی زۆر وەستاوە، بەڵام مۆسکۆ شارەکانی ئۆکراینا و ژێرخانەکانی وزەی ئەو ڵاتەی بۆردومان کردووە و هاوکات ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت و ژێرخانی دیکەی لە قووڵایی ڕووسیادا چڕتر کردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG