نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە شاری ئەبووزەبی، پایتەختی ئیمارات لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا کۆببنەوە و بۆ یەکەمین جار لە مانگی دووی ڕابردووەوە گفتوگۆیەکی سێلایەنەی ئاشتی بەڕێوە ببەن.
ئەمەریکا هیوای وایە لەم گفتوگۆیانەدا ڕووسیا و ئۆکراینا ڕاستەوخۆ لەبارەی چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایش دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە گفتوگۆ بکەن.
جەرید کوشنەر، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا و زاواى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "سەرۆک ترامپ سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بەو جەنگە ترسناکەی کە بووەتە هۆی لەدەستچوونی ژمارەیەکی زۆری گیان، وێرانکاری و ئازار و مەینەتییەکی زۆر."
کوشنەر ڕاشیگەیاند کە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، ئەو و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، ڕاوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا، ناتۆ، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا دەکەن.
بە گوێرەی کوشنەر، ئامانجی گفتوگۆ دوو ڕۆژییەکە ئەوەیە کە ڕووسیا و ئۆکراینا ڕاستەوخۆ لەبارەی نیگەرانییە ئاسایشییەکانی دوای جەنگ، پێشنیارەکان و چارەسەرە ئەگەرییەکان گفتوگۆ بکەن.
کوشنەر چوار ئامانجی لەپێشینەی ئەمەریکای بۆ گفتوگۆکان دەستنیشان کردووە، کە بریتین لە کۆتاییهێنان بە شەڕ، دابینکردنی گەرەنتییە ئاسایشییە باوەڕپێکراوەکان، دانانی پلانێکی ئابووری بۆ ئۆکراینا و هەنگاوە مرۆییەکان، لەوانە گەڕاندنەوەی دیلەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت پێشکەوتن لە دانانی چوارچێوەیەکی ئاسایشیی بۆ ئۆکراینا و ئەورووپا دوای جەنگ بەدەستهاتووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەکراوەتەوە."
ترامپ پێشبینی ڕێککەوتن دەکات
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی '60 خولەک'ـی تۆڕی سیبیئێس، کە ڕۆژی یەکشەممە پەخش کرا، ڕایگەیاند، باوەڕم وایە زۆر نزیکین لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک."
ترامپ هەروەها گوتی ئۆکراینا لە کۆتاییدا "شێوەیەکی کەمێک جیاوازی دەبێت،" بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە مەبەستی لەم وتەیە چییە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەو بۆچوونەی ڕەتکردەوە کە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، هەوڵ دەدات بە گفتوگۆکان کات بکوژێت. ترامپ گوتی، "نا، وا بیر ناکەمەوە."
ترامپ هەمان ڕۆژ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت چاوەڕوانە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن، کە بڕیارە لە 18 و 19ـی مانگی یازدە لە شاری شێنژین لە چین بەڕێوە بچێت، لەگەڵ پوتن و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کۆببێتەوە.
بەپێی ئاژانسی ئینتەرفاکس، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، ڕایگەیاندووە کە شاندی ڕووسیا جارێکی دیکە بە سەرۆکایەتیی ڤلادیمیر مێدینسکی، یاریدەدەری پوتن، بەشداری لە گفتوگۆکان دەکات. ئەمجارە سێرگەی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە شاندەکەدایە.
لە بەرامبەردا، ڕوستەم ئۆمێرۆڤ، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئۆکراینا، لە فەیسبووک ڕایگەیاند کە شاندەکەیان بەرەو ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بەڕێکەوتووە و لەوێ کۆبوونەوەی جیاواز بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپایی بەڕێوە دەبەن.
بەڵام پێسکۆڤ جەختی کردەوە کە گفتوگۆ سەرەکییەکان هەر سێلایەنە دەبن.
ڕۆڵی خانمی یەکەمی ئەمەریکا
گفتوگۆ نوێیەکان دوای ئەو ئاگربەستە شەش ڕۆژییە دێن کە مانگی ڕابردوو بە هاوکاریی مەڵانیا ترامپ،خانمی یەکەمی ئەمەریکا، لە دەوروبەری شاری ئۆلێشکی، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا، بەرقەرار کرا.
مەڵانیا ترامپ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا، هیوای خواست ئەو ئاگربەستە ببێتە "بڵێسەیەکی بچووک و گەشە بکات و ببێتە ئاگری بەردەوامی ئاشتی."
کرێملینیش پێشوازی لە ڕۆڵی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە. دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، هەوڵەکانی مەڵانیا ترامپی بە "هەوڵە سەرکەوتووە مرۆییەکان بۆ بنیاتنانی ئاشتی" وەسف کرد و گوتی، "هیوامان وایە هەموو ئەمانە بەردەوام بن."
هێرشەکانی ڕووسیا و کۆکراینا بەردەوامن
لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەردەوامن، ڕووسیا و ئۆکراینا درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن.
ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیایی بۆ سەر کۆگایەک لە شاری ئۆدێسا، سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، ئەمە بەپێی بەرپرسانی ناوچەکە کە ڕایانگەیاند لەو کۆگایەدا خواردن بۆ قوتابخانە و باخچەی ساوایانی ناوچەکە هەڵگیرابوو.
ئارتێم نێکراسۆڤ، یەکەم جێگری وەزیری وزەی ئۆکراینا، ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ڕووسیا بوونەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە ناوچەکانی 12هەرێمی ئۆکراینا لە بەیانی دووشەممەدا.
بەپێی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، ڕووسیا لە شەودا 217 درۆنی بۆ سەر ئۆکراینا ڕەوانە کردووە، کە 105 دانەیان بە بزوێنەری فڕۆکە کار دەکەن.
لە ڕووداوێکی دیکەدا، دەزگای فریاگوزاریی ئۆکراینا ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی بۆردومانەکەی هەفتەی ڕابردووی ڕووسیا بۆ سەر ناوەندێکی هاوکاریی مرۆیی لە گوندی کۆمیشوڤاخا، لە هەرێمی زاپۆریژیا، گەیشتووەتە 55 کەس. میخایلۆ سێمیکین، بەرپرسی ناوچەکە، ڕۆژی یەکشەممە گوتی هێشتا 45 کەس بێسەروشوێنن.
لە ناوخۆی ڕووسیادا، ئەلێکساندەر درۆزدێنکۆ، پارێزگاری هەرێمی لێنینگراد، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوای هێرشێکی درۆنی ئۆکراینا، ئاگر لە پاڵاوگەی نەوتی 'کینێف' لە شاری کیریشی، لە دەرەوەی سانت پێتەرسبورگ، کەوتووەتەوە.