مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە و تاوتوێی دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی و بەهێزکردنی هاوکاری پیشەسازی بەرگری و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەڵمانیای کرد.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کۆبوونەوەکە ڕۆژی دووشەممە 9ـی ئەم مانگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو و هەردوولا تاوتوێی هەوڵە دووقۆڵییەکانیان کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی و بەهێزکردنی هاوکاری پیشەسازی بەرگری و قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەڵمانیا.
هەروەها ڕوبیۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس سەبارەت بە دیدارەکە نووسیویەتی، "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گفتوگۆمان کرد سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی و بەهێزکردنی هاوکاری بەرگری و قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەرلین کردەوە و وتی، "هاوبەشیی ئێمە لەگەڵ ئەڵمانیا بۆ ئاشتی و ئاسایشی ترانسئەتلانتیک گرنگە."