Accessibility links

مەحمود عوسمان دەڵێت لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی باشترە هەرێمی کوردستان بکرێت بە دوو کانتۆن

سیاسەتمەداری کورد مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە ئەگەری بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و نەگەیشتن بە چارەسەرێک، پێشنیار دەکات هەرێمی کوردستان بکرێت بە "دوو کانتۆن و هەریەکەیان بە گوێرەی یاسا دەسەڵاتی پێبدرێت."

مەحمود عوسمان ڕایگەیاند، "کاتی خۆی باسم کرد و ئێستاش دەیڵێمەوە، ئەگەر ناتوانن یەکگرن و ڕێکبکەون، بیکەنە کانتۆن و دوو کانتۆن هەبێت، وەک چۆن سوویسرا 20 بۆ 30 کانتۆنی هەیە و یەک وڵاتیشە. ئەوەش بەڕێکەوتن دەکرێت، نەک دوو ئیدارە هەبێ و دژی یەکتربن. با بەپێی یاسا هەریەکێک دەسەڵاتی خۆی پێبدرێت، بەڵام ئەوە ئاسان نییە و پێویستە بەغداش ڕەزامەند بێت، چونکە ڕەنگە بۆ بەغداش ئەمە ئاسان نەبێت."

پارتی هەفتەی ڕابردوو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی بەبێ یەکێتی ڕایگەیاند و سەرۆکی پەرلەمانی دیاریکرد. یەکێتیش لە کاردانەوەدا کشانەوەی لە حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند و سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی دامەزراندنێکی حکومەتێکی تری لە سلێمانی و هەڵەبجە کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن."

لەبەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەی مەسعود بارزانیدا هاتوو، "زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێکبهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە."

مەحمود عوسمان هۆشداری دا لەوەی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بەم شێوەیەی ئێستا زیان لە هەرێمی کوردستان دەدات، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە. ڕایگەیاند، "ئێستا هیچ کەسێک ڕەزامەند نیە لەسەر ئەم دابەشبوونە، نە وڵاتانی دەرەوە نە بەغدا. ڕەنگە لە بەغدا پێیان خۆشبێت کورد لاواز بێت، بەڵام بەم شێوەیەی کە ڕوویداوە ئێستا جێگای داخە و ئومێدەوارین بتوانرێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات. یەکێتی کە جیابووەتەوە لە حکومەت بەشێکە لەحکومەت، بۆیە نازانین لە ئایندە چی دەبێت؛ پەرلەمانەکەش کە نیوەی هی پارتییە، تێکچوە و نازانرێت چارەسەر دەکرێت دۆخەکە یان نا."

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی نەیانتوانی بگەنە سازانێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ. ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، پارتی توانی بە بەشداری 52 پەرلەمانتار دانیشتنێکی پەرلەمان ڕێکبخات، کە تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا. کۆبووەوەکە بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هەڵوێست و نەوەی نوێ ئەنجام درا. ڕۆژێک دواتر، سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە دان بە دانیشتنەکە نانێن و وەک ئاماژەیەک بە ناوچەی دەستەڵاتی پارتی و یەکێتی، ڕایگەیاند، "هەرچی ئێوە بیکەن لەوێ، ئێمەش لێرە دەیکەین؛ سەرۆکی هەرێم دادەنێن، ئێمە سەرۆکی هەرێم دادەنێین. وەزیر دادەنێن، وەزیر دادەنێین. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دادەنێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دادەنێین."

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دێرینی کورد، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەسەر ئەرزی واقیع دوو ئیدارەی بوونی هەیە، چونکە ناوچە و ئیدارە هەیە و یەکێکی یەکێتی و ئەوی دی پارتی بەڕێوەیدەبات. هەریەکەیان لەیەک جیاوازن و بازگە لەنێوانیان هەیە. بەڵام حکومەتێک هەبوو ئەو حکومەتەش ماوەکەی بەسەرچووە، بەڵام هەر باش بوو پێکەوە بوون لەوحکومەتە."

وتیشی، "لەڕاستیدا دۆخەکە پێویستی بەوە هەیە کە ئەو دوو حزبە بگەنە ئەنجامێک و بەیەکەوە کارەکان بکەن و هیچیان بەتەنها ئەو شتانەیان پێناکرێت، لەبەر ئەوە جێگای داخە کەوایە و ئومێدەوارم کە ئەمە نەبێتە هەنگاوێکی کۆتایی بۆ دابەشبوون، بەڵکو ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەجدی دابنیشن و سەرەڕایی ئەوەی تائێستا زۆر دانیشتوون، بەڵام دیارە جدی نەبووە. دانیشن و بگەنە ئەنجامێک تا هەرێمەکە بمێنێت و تێکنەچێت."

لە ماددەی 117ـی دەستوری عێراقدا هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناسراوە، بە دەستەڵاتەکانی ئێستایەوە. لە دەستورەکەدا هەروەها ئاماژە دراوە بە دروستکردنی هەرێمی تر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا.

سیاسەتمەدار مەحمود عوسمان ئاماژەی دا کە "کێشەی گەورە" لە هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورە. ڕایگەیاند، "بەپێی ڕێککەوتن لە دەستوری عێراق، کە ئێمە سەرقاڵی بووین لەساڵی 2005، کورد مافی هەیە کە هەرێمی کوردستان دەستوری هەبێت، کەچی لە دوای ئەوەوە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە تا ئێستا دەستورێک بۆخۆی دابنێت لەبەر ناکۆکی حزبی. ئەوەش کارەساتێکە بەڕاستی کە دەستورمان نییە و بەگوێرەی دەستوری عێراقیش ڕەنگە نەبێت دوو هەرێم لەناو هەرێمێکدا هەبن."

This item is part of
XS
SM
MD
LG