ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ڕایگەیاند گەشتێکی دیپۆرتکردنەوەی کۆمەڵێک ئێرانی لە ئەمەریکاوە، کە بڕیار بوو لە ڕێگەی جۆرجیا و پاکستانەوە بەرەو ئێران بگوازرێنەوە، سەرلەبەیانی یەکشەممە لە کۆتا خولەکدا هەڵوەشاوەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسەکە، بڕیاربوو بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لانیکەم هەشت ئێرانی کە لەلایەن دەزگای کۆچبەرانی ئەمەریکاوە دەستبەسەرکراوون، لە فڕۆکەخانەیەکی شاری مێسا لە ویلایەتی ئەریزۆنا دیپۆرتبکرێنەوە. بەڵام بەبێ ئاماژەدان بە هۆکارێکی دیاریکراو، گەشتەکە هەڵوەشایەوە.
عەلی ڕەهنما، پارێزەری دامەزراوەی بەرگریی یاسایی ئێرانیانی-ئەمەریکایی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند بڕیاربوو سەرەتا ئەو خەڵکە بە فڕۆکە بگوازرێنەوە بۆ جۆرجیا و دواتر بۆ پاکستان، لەوێشەوە بۆ ئێران.
پێش دەستپێکردنی شەڕ، زیاتر لە 100 ئێرانی بە سێ گەشتی ئاسمانی لە مانگی نۆ و یازدەی 2025 و مانگی یەکی 2026 گەڕێندرابوونەوە بۆ ئێران. ڕۆژنامەی ئەسۆشیەیتد پرێس ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردووش، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی دادگا، بڵاویکردەوە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی گەشت و گەڕان بەدوای ڕێگاکانی گەڕانەوەی هاووڵاتییە ئێرانییەکان بە درێژایی شەڕەکە بەردەوام بووە.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ڕەتیدەکاتەوە دۆسیەی پەنابەران و زانیارییەکانیانی لەگەڵ تاران هاوبەش کردبێت.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانن سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئێرانی، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە شەڕ و نائەمنی بەردەوامی ئێران لە ئارادیە. پارێزەرانی خەڵک هۆشداریان داوە کە گەڕانەوەی زۆرەملێی ئەو پەنابەرانە ئەگەری هەیە مەترسی گرتن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت مردنیشی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لێ بکەوێتەوە.
دادوەرێکی فیدراڵی ئەمەریکا پێشتر داوای لە حکومەت کردبوو، لانیکەم 24 کاتژمێر پێش کۆتاییهێنان بە پلانی دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتیانی ئێرانی و پێنج ڕۆژ پێش جێبەجێکردنی، دادگا ئاگادار بکاتەوە. هێشتا دیار نییە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە هۆکارەکەی چی بووە.
هەروەها دامەزراوەی بەرگریی یاسایی ئێرانیانی-ئەمەریکایی سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی ئەمەریکا تۆمار کردووە و نیگەرانی خۆی لە ئەگەری پێشێلکردنی مافی پەنابەران و گواستنەوەی زانیاری نهێنی سەبارەت بە دۆسیەی پەنابەرییان بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی دیپۆرتکردنەوە بدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ترامپ هەموو بژاردە یاساییەکان بەکاردەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی فراوانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران.