Accessibility links

نێردەی ئەمەریکا بۆ عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەکات

تۆم باراک، نێردەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد و گوتی "هێرشێک بوو بۆ سەر گەلی عێراق."

تۆم باراک لە پەیامێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "ئێمە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر سەرکۆنە دەکەین، کە هێرشێک بوو بۆ سەر گەلی عێراق."

هەروەها پشتیوانی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەم هێرشە دەستنیشان بکرێن و بەپێی یاسا سزا بدرێن.

بەرپرسانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێن شەوی یەکشەممە، کاتژمێر نزیکەی 11:10ـی شەو، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت. هیچ قوربانییەکی مرۆیی لە هێرشەکەدا ڕانەگەیاندراوە، بەڵام بووەتە هۆی ئاگرێکی گەورە لە شوێنی ڕووداوەکە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دا، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی هێرشەکە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی. ئەم لیژنە هاوبەشە ئەمڕۆ گەیشتە کێڵگەی گازی کۆرمۆر.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبرد و ڕایگەیاند لە ئەنجامدا نزیکەی دوو هەزار و 800 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کردووە.

هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی كارەبا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، لە هەوڵ دان "بۆ ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەكە كەمترین كاریگەری لەسەر كاتەكانی پێدانی كارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی كارەبا و بە زووترین كات بارودۆخی كارەبا ئاسایی ببێتەوە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG