Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بە ترامپ گەیاندووە

مێژووی دیمەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ 7ـی حەوتی 2026، لە کاتی سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ تورکیا بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ.
مێژووی دیمەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ 7ـی حەوتی 2026، لە کاتی سەردانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ تورکیا بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ.

سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕایگەیاند لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی باسی دۆخی ناوچەکەیان کردووە و هۆشداری داوە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.

ئەردۆغان ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان بە فڕۆکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئێمە نامانەوێت شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکات و ناوچەکەمان زیاتر تووشی ناسەقامگیری ببێت. لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە شیانی هەیە.

سەرۆک ئەردۆغان ئاماژەی دا بە ئەنجامدانی سێ گفتوگۆی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆک ترامپ لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا، و گوتی: "لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئەم بابەتانە گفتوگۆم کرد و نیگەرانییەکانم بۆ ڕوونکردەوە. بە هەردوو لایەنمان ڕاگەیاندووە کە ئامادەی کردنەوەی دەرگای ئاشتی و دیپلۆماسین.

ئەردۆغان گوتیشی، "بەداخەوە، جارێکی دیکە گۆڕانکارییەکان بە نەرێنی دەبینرێن. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ڕێگری لەمە بکەین."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە گوتی ئەگەری ئەوە "زۆر دوورە" کە ناچار بێت جارێکی دیکە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە، ئەگەر لە گفتوگۆکان سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکیی ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمز پێشکەوتن بەدەست بهێنرێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG