شاخەوان جاف، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیاند زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر تا ئێستا بە تەواوەتی دیار نییە و وتیشی "تا ڕاپۆرتی کۆتایی بنکەکانی دەوربەر و ناوەوەمان پێنەگات کە ژمارەیان 22 بنکەیە، ئەوکات بەدیاریکراو ژمارەی زیانەکان دەزانین." هەروەها ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە "شۆفێری شۆفڵێک و منداڵێک" گیانیان لەدەستداوە.
شەوی 7 لەسەر 8ی مانگی 11ی 2026، بەهۆی بارانێکی زۆرەوە، لە هەولێر لافاو هەستا و بەو هۆیەشەوە سەرباری زیانی گیانی زیانێکی زۆر بەر موڵک و ماڵی خەڵکیش کەوتووە.
شاخەوان جاف، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پێشووتر ئامادەکاری تەواومان بۆ لافاوەکە کردبوو و هەموو لایەکمان ئاگدارکردبووەوە و خەڵکیشمان ئاگاردارکردەوە کە ڕۆژی شەممە لەماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، بەڵام بە داخەوە خەڵکی پابەند نەبوون و هەندێک لە خەڵکی بۆ خۆشی خۆییان هاتبوونە دەرەوە و تووشی زیان بوون."
وتیشی،" لە هەموو وڵاتانی دونیا کاتێک بانگەواز دەکرێت و ئاگاداری هۆشیاری لێدەدرێت لە دروستبوونی کارەسات و ڕوودانی گەورەی لەم شێوەیە، خەڵک لەماڵ دەمێننەوە و پابەند دەبن و ڕێنماییەکان بە هەند وەردەگرن، کەچی بە داخەوە بەو شێوەیە نەبوو."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند کە دوای لافاوەکە لە هەولێر و دەوروبەری، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا بەدواداچوونیان بۆ دۆخەکە و قەبارەی زیانەکان کردووە.
ساڵانە لەوەرزی زستان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی دەبێتەوە و زۆریەک ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە هەولێر گرفتی ئاوەڕۆی سندوقی هەیە و تائێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت، ئەوەش وایکردووە ساڵانە لافاو دروست بێت و کارەساتی گەورەی گیانی و زیانی ماڵی لێبکەوێتەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 لافاوی گەورە دروستبوو لە شاری هەولێر و قوربانی لێکەوتەوە، دیراسە و کۆڕو و کۆبوونەوەی زۆرمان کرد لەوەی شاری هەولێر پێویستی بەچییە، ئەوەشی جێبەجیێکراوە خۆشبەختانە لەو گەڕەکانە ئێستا گرفت نەماوە، ئەو گەڕەکانەشی کەماوەتەوە ئێستا پێویستی بەدراسەی تایبەت هەیە و تیمەکانمان خەریکی ئەو بابەتەن و حکومەت و لەهەموو ئاستەکانی و لایەنە ئەکادیمیەکان لە سەر ئەو بابەتە لەسەر هێڵن تا چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە."
لەگەڵ دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ڕێژەی زیانەکان، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی،" وەک پارێزگای سلێمانی، دڵ و هۆش و بیرمان لەگەڵ پارێزگای هەولێری پایتەختی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و هەر پنتێکی ئەم کوردستان و نیشتمانەیە، لەگەڵ نزاکانماندا، ئامادەیی و پشتیوانیی تەواوی خەڵک و حکومەتی خۆجێی سلێمانی بۆ هەر ئەرک و هەرەوەزیی و هەماهەنگیی و هاوکارییەکی پارێزگای هەولێر دووپاتدەکەینەوە، داواخوازین لە خوای گەورە ئەم بارانەمان بۆ بکاتە بارانی ڕەحمەت و هەمووان لە هەر زەحمەت و کارەسات و ڕوداوێکی نەخوازراو بپارێزێت."
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند،" ساڵی پار و پیرار لە شاری هەولێر زۆرترین باران باری هیچ کێشە و گرفتێک نەبوو، جگە لە کۆبوونەوەی ئاو لە چەند شوێنێکی زۆر کەم لە خودا بەزیاد بێت کێشە و گرفت نەبوو."
وتیشی،" گەر بڵێن هەموو ئاوەڕۆکانمان تەواوە و هەمووی سەد لەسەد کاری لەسەر کراوە، ناتوانین وا بڵێن چونکە وەک ئاگادارن ئێمە لە ساڵی 2014 ەوە پلانی ئەو پرۆژانەمان کە هەبووە و پێویست بوو جێبەجێیان بکەین، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و کۆرۆنا و چەندین بابەتی تر کە هەبوون ڕاستی وایکرد بودجەی پێویست لەپێش دەست نەبێت بۆ تەواو کردنی ئەو پلانە ستراتیژیەی کەوا دانرابوو بۆ شاری هەولێر جێبەجێبکرێت ئەویش بەدروستکردنی پۆند لەسەر ڕێڕەوی ئاوە سروشتیەکان کە دێتە ناو شاری هەولێر، هەروەها تەواو کردنی ئەو ئاوەڕییە سندوقیە گەورانەی کە بۆ ناو شاری هەولێر هەن کە بۆ هەڵگرتنی کەمیەکی زۆر ئاوی باران و ئاوی ئاوەڕۆی ماڵان لەکاتی پێویسدا جێبەجێنەکرا."
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد،" گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو گۆڕانکاریانەی لە کەشو هەوا ڕوویداوە شێوازی باران بارین لە شێوازێکی نەرم و چەند ڕۆژە گۆڕاوە بۆ بارانێکی بەهێز لە ماوەیەکی کەمدا، هەموو ئەوانە هۆکارن کە ئەوا ئەو کێشە و گرفتانە دروست بێت، هەروەها بوونی چەندین بەربەست و پیسی غەسالەکان و بوونی زیادەڕۆیی و فڕێدانی پاشماوەی هاووڵاتیان و وەرگرتنی بەشێک لەو ئاوەڕۆیانەی کە ئاوەڕۆ کۆدەکاتەوە."