سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، ئاشکرای کرد کە بە فەڕمی پێشنیاری پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاڕاستەی دانا وايت کردووە کە سەرۆکی ڕێکخراوی پاڵەوانێتی زۆرانبازی UFCیە.
سەرۆک ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social نووسیویەتی '' کەیفخۆشم ڕایبگەیەنم کە پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپیم پێشنیاز کردووە بۆ دانا وايت، ئەو جەنگاوەرە سەرسەختە. داوام لێکردووە هاوکاران و ستافەکەی لەگەڵ خۆی بهێنێت، هەتا ئەگەر هەندێکیان لە وڵاتی ئێمەش نەبن، وەک ئیسلام ماخاچێڤ، حەبیب نورماگۆمێدۆڤ، جەستن گەیچی، دانیال کۆرمیێ، ئاماندا نونێز، و کەیلا ھاریس. ئێمە پێویستیمان بەم کەسانە هەیە تاوەکو بەرگریمان لێبکەن لە بەرامبەر شێتەکانی چەپڕەودا.''
سەرۆک ترامپ لە درێژەی پەیامەکەیدا بە گەرمی داوای لە دانا وايت کردووە کە بە فەڕمی ئەم پۆستە قبوڵ بکات.
پەیوەندیی نزیکی وايت و سەرۆک ترامپ
دانا وايت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری UFC، ساڵانێکی درێژە وەک هاوپەیمان و پاڵپشتیکارێکی زۆر نزیکی دۆناڵد ترامپ دەناسرێت و لەم دواییانەشدا لە چەندین بۆنەی فەڕمیدا لە تەنیشت ترامپ دەرکەوتووە.
ڕێکخراوی UFC بە سەرپەرشتیی وايت، وەک بەشێک لە ئاهەنگەکانی ڕێزلێنان لە 250یەمین ساڵیادی سەربەخۆییی ئەمەریکادا، پێشبڕکێیەکی زۆرانبازیی تایبەتی لە ناو کۆشکی سپیدا ڕێکخستبوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دانا وايت هیچ لێدوان یان وەڵامێکی فەڕمی لەسەر ئەم داواکارییە نوێیەی سەرۆک ترامپ نەداوە.