وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەڵوێستی فەرمی واشنتنی لەسەر دواین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد، پاش دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سهبارهت بە ئاڵۆزییە سیاسیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند،" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتگیری لە هەرێمێکی بەهێز و خۆڕاگری کوردستان دەکات، کە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەمێنێتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی کردووە بەوەی کە" ئەمەریکا هانی هەموو لایەنەکان دەدات دەستبەجێ و بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە کار لەسەر ئەو بابەتانە بکەن کە دامەزراوەکانی هەرێمەکە بەهێزتر دەکەن."
هەروەها وەزارەتی دەرەوە نوسیوویەتی" ئەمەریکا پابەندە بە هاوبەشەکانمان لە سەرتاسەری عێراقدا کە کاردەکەن بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی پڕ لە سەروەری و سەقامگیر و گەشەسەندوو."
ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا لە کاتێکدا دێت کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە و کشانەوەی حزبەکەی لە حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەفتەی ڕابردوو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی بەبێ یەکێتی ڕاگەیاند و سەرۆکی پەرلەمانی دیاریکرد.
واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەری کێشەکان بە دیالۆگ و پاراستنی سەقامگیریی هەرێم دەبێت.